کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پیلانەکانی ڕێژیمی ئێرانی پووچەڵ کردەوە

18:09 - 3 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: فڕۆکەکانی ئەرتشی ئیسرائیل، بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارە شیعەکانی لە سووریەدا کردە ئامانج و بەم هۆیەوە چەندین کەس لە هێزەکانی سەر بە ڕێژیم کوژران.

شەوی شەممە، ٢ی خەرمانان، فڕۆکەکانی ئەرتشی ئیسرائیل، بنکەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی لە پایگای هەوایی '' ئەلمەزە'' و ئەمبارێکی چەکوچۆڵی لە گوندی ''عەقرەبا'' لە باشووری دەمێشق بۆردومان کرد و سەرەڕای تەقاندنەوەی بنکەکانی سپای پاسداران، چەندین کەس لە هێزەکانی سەر بە ڕێژیم کوژران.

وتەبێژی ئەرتشی ئیسرائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە دەمێشق، پێتەختی سوورەیە، ٢ کەس لە هیزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و یەک کەسیش لە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران کوژران.

"بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند: ''ئیمە لە عەمەلیاتێکی گەورەدا، پێشمان بە هێرشی هێزەکانی ئێران و میلیشیا چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل گرت، ناوبراو دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەر شوێنێکدا بن، ئەمنیەتیان نییە".

سەرچاوەکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی سپای پاسداران لە هەوڵدا بوونە کە لە ڕێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

لەم پەیوەندییەدا، "یوئاف گالانت"، فەرماندەی پێشووی ئەرتشی ئیسرائیل بە ڕادیۆ ئیسرائیلی وتبوو: ''هێزەکانی ئێران بە جێگربوون لە سووریەدا دەیانەوێت بەرەیەک لە بەرزاییەکانی "گولان" بکەنەوە، ئێمە ئیزن بە ئەوان نادەین ئەم کارە بکەن''.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش گومانی ئەوە لەسەر ئیسرائیل بووە کە بنکەکانی حەشدی شەعبی لە خاکی عێراقئ بۆردومان کردووە، بەڵام ئەمە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.