کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسراییل جارێکی تر بنکەکانی سوپای تیرۆیستی پاسدارانی لە سووریە کردە ئامانج

16:51 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی سوپای ئیسراییل جارێکی تر بنکەکانی سوپای تیرۆریستی پاسدارانیان لە سووریە کردە ئامانج و کۆماری ئیسلامی دیسان بێدەنگی گرتووەتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە "ڕادیۆ پەیامی ئیسراییل" بڵاو کراوەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٤ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۲۶ی ئۆکتۆبر، هێزەکانی سوپای ئیسراییل چەندین بنکە و مۆڵگەی هێزەکانی لقی قودس سەر بە سوپای تیرۆریستی پاسدارانیان لە دەروبەری فڕۆکەخانەی "ئەلغرە" لە شاری "دیمەشق"ـی پێتەختی وڵاتی سووریە کردووەتە ئامانجی مووشەکەکانیان و لە ئاکامدا دەیان تیرۆریست لە هێزەکانی سوپای پاسدارن کوژراون و ڕێژەیەکی بەرچاو برینداریان لێکەوتووەتەوە.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لەو بنکانەی کە بەر هێرشە مووشەکییەکەی هێزەکانی ئیسراییل کەوتووە، بنکەی مووشەکی زەوین بە زەوینی "تیپی چوار"ـی لقی قودسی سوپای تیرۆریستی پاسداران بووە لە نێو خاکی سووریە. شایانی ئاماژەیە کە سیستمی بەرگریی مووشەکی هێزەکانی سوپا و ئەرتەشی سووریەش توانای بەرگری لە بەرانبەر مووشەکەکاندا نەبووە.

تاکوو ئێستا هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئەو هەواڵەیان پشتڕاست یان ڕەد نەکردووەتەوە و وەکوو هێرشەکانی تری ئیسراییل بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە و وڵاتی سووریە بەتایبەتی، هێشتا ڕێژیم بێدەنگە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان هێزەکانی ئیسرائیل دووسەد و حەوت (۲۰۷) جار هێرشی مووشەکی و ئاسمانیان کردووەتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە وڵاتی سووریە، جیا لە زیانی ماڵی و سەربازی ڕێژەیەکی زۆر لە هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای پاسداران کوژراو و بریندار بوونە بەڵام تا هەنووکە بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بەو هێرشانەی ئیسراییل و کوژرانی هێزەکانیان نەبووە و بێدەنگییەکی قووڵیان گرتووەتە بەر.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە تاکوو ئێستا دروشمی نابوودی ئیسراییلی هەڵگرتووە و بەردەوام هەڕەشەی لەناو بردنی وڵاتی ئیسراییل دەکات، حکوومەتی ئیسراییلیش لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار بە توندی ئاگاداریی داوەتە کۆماری ئیسلامی کە دەبێت هێزەکانی لە سووریە بکشێنێتەوە.

بەرپرسانی ئیسراییلی لە زۆربەی وتارەکانیاندا ڕووبە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم وڵاتی سووریە بەجێ نەهێڵن، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسراییل ڕووبەڕوو دەبنەوە.