کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسراییل جارێکی تر لە سووریە بنکەکانی سوپای پاسدارانی کردە ئامانج

10:17 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: مووشەک و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسراییل جارێکی تر بنکەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و ڕێکخراوەکانی تری ڕێژیمی ئێرانیان لە سووریە کردە ئامانج.

سەرلەئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، مووشەک و فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای ئیسراییل، جارێکی تر بنکەکانی لقی قودسی سوپای تیرۆرستی پاسداران و حیزبوڵای لوبنان سەربە ڕێژیمی ئێرانیان لە نزیک شاری "دیمەشق" پێتەختی وڵاتی سووریە کردە ئامانج و لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنیی سوپای تیرۆریستی پاسداران و میلیشیاکانی تری ڕێژیمی ئێران خاپوور کران.

ڕامی عەبدولڕەمان، بەرپرسی ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە بنکەکەی لە لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیایە، لەمبارەیەوە بە تەلەڤزیۆنی "ئەڵحەدیس"ـی ڕاگەیاند؛ ئیسراییل لە "ئەلکەسرە" و "دیماس"ـی دەوروبەری شاری "دیمەشق" پێتەختی وڵاتی سووریە، بنکەکانی حیزبوڵای لوبنانی بوردومان کردووە و بوردومانەکان ئامانجەکانیان پێکاوە.

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا لە سەر مووشەکبارانی بنکەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران لەو وڵاتە ڕایگەیاند: بە هۆی بوردومان و مووشەکباران کردنی دەوروبەری ڕوژاوای "دیمەشق" و بەتایبەتی باشووری "دیمەشق"، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ملیشیا چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا خاپوور کراون.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی سووریە بڵاویان کردووەتەوە کە هێزەکانی بەرگریی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە دەوروبەری "دیمەشق" لە وڵامی هێرشی مووشەکەکانی ئیسراییل، چەند مووشەکێکیان ڕەوانەی وڵاتی ئیسراییل کردووە.

تاکوو ئێستا ماڵپەڕەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ئەم هەواڵەیان پشتڕاست یان ڕەت نەکردووەتەوە و کاربەدەستانی ئەو هێزە تیرۆریستییەی ڕێژیم لەمبارەیەوە هیچ دژەکردەوەیەکیان نیشان نەداوە.