کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسفەهانییەکان خەریکن کرماشان داگیر دەکەن

12:59 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەرزێرانی ئیسفەهانی، لە پارێزگای کرماشان بە ئاو و خاکی ئەم شارە و بە کرێکاری ئەفغانی دەستیان بەسەر کارە وەرزێرییەکانی کرماشاندا گرتووە.

لە پارێزگای کرماشان، نزیک بە ٦ هەزار هێکتار زەوی سێوک (سیب زمینی) و ٢ هەزار هێکتار پیواز، کشتوکاڵ دەکرێت، کە چەند ساڵێکە، وەرزێرانی ئیسفەهانی، بە کرێگرتنی زەوییەکان، دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ لە پارێزگای کرماشاندا.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بەپێی بڕیاری ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزیی پارێزگای کرماشان، کشتوکاڵی سیۆک، چەوەندەر، پیواز و برنج، بە هۆی کەمئاوی، دەبێ کەم بکرێتەوە، بەڵام وەرزێرانی ئیسفەهانی بە کرێگرتنی زەوی لە کرماشان، بە هەزاران هێکتار زەوی دەخەنە ژێر کشتوکاڵەوە و ئاوی ئەو ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ بەکار دەبەن

لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، گوشاریان خستووەتە سەر وەرزێرانی کرماشانی و ڕێگەیان لێ دەگیردرێت بۆ کشتوکاڵ، بۆ نموونە بەپێی بڕیاری جەهادی کشاوەرزی ڕێژیم، ئەمساڵ هەموو زەوییە برنجەکاڵییەکانی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لەنێو دەبردرێت و وەرزێران غەرامە دەکرێن.

جێگەی ئاماژەیە، کە ئەو بڕیارە، لەسەر کەمئاوی لە پارێزگای کرماشان دراوە و گوشار لەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیە کە ساڵانێکە بژیوی ژیانیان لە ڕێگەی کشتوکاڵ لەو زەوییانە بەدەست دێت، بەڵام وەرزێرانی ئیسفەهانی بێ ئەوەی گوشاریان لەسەر بێت و غەرامە بکرێن، لە کرماشان کشتوکاڵ دەکەن و بە مەیلی خۆیان ئاو بەکار دەبەن.

هەروەها دەبێ ئاماژە بکرێت، کە وەرزێڕە ئیسفەهانییەکان، کاری کشتوکاڵ و کرێکاری زەوییەکان، بە کرێکاری ئەفغانی جێبەجێ دەکەن، کە بەپێی بڕیاری وەزارەتی کاری ڕێژیم، هاتنی کرێکاری ئەفغانی بۆ پارێزگای کرماشان، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ڕێژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە سەد ساڵە لە ڕاستای سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و داگیرکردنی کوردستان تێدەکۆشن و بە ناردنی فارسەکان بۆ کوردستان و بەربڵاو کردنی دەسەڵاتیان، دەسەڵاتیان بە سەر خاکی کوردستاندا سەپاندووە، ئێستاش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەو سیاسەتە ناڕەوایە پەیڕەو دەکات.

پێشتر ڕێژیمی ئێران، ئەو سیاسەتەی لە بواری مەزهەبی، کولتوری، ئابووری و سیاسی بۆ ئاسمیلاسیۆن و تاڵانکردنی سەرمایەکانی کوردستان پەیڕەو دەکرد و ئێستاش هەر لە درێژەی داگیرکارییەکانی، خەریکە دەست بە سەر زەوییە وەرزێڕییەکان دەگرێت.

دەبێ ئاماژە بکرێت، کە ڕێژیمی ئێران، ڕاستە کوردستانی داگیر کردووە و غەیرە کوردەکانی بۆ کوردستان ناردووە ، بەڵام لە پارێزگایەک وەکوو کرماشان، هیچ نەتەوەی دیکە ناتوانێت، ئیدعای خاوندارەتی خاکی کوردستان بکات، بەڵام ڕێژیم بەو سیاسەتە نوێیەی، بە بەربڵاوکردنی دەسەڵاتی لە بواری وەرزێڕی لە کرماشاندا، دەیەوێت، چارەنووسێک هاوشێوەی پارێزگای ورمێ بۆ کرماشان دروست بکات، کە تورکەکان ئیدعای خاک لەو پارێزگایە دەکەن.

پێشتریش لە ورمێ، غەیرە کوردەکان بە کڕینی باخ و زەوییە وەرزێڕییەکان دەستیان کرد بە داگیرکردنی ورمێ و ئێستاش خاونداریەتی زەوییەکان دەکەن و ئیدعا دەکەن کە ورمێ خاکی کوردستان نییە.