کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسلامی زۆرەملێ لە زانکۆوەکانی ئێراندا پەرە دەستێنێت

11:18 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێوشوێنی تایبەت بە پۆشینی جلوبەرگ بۆ خوێندکارانی زانکۆی ئازاد، لە چوارچێوەی ئاییننامەیەکدا، بە بەرپرسی ئەم زانکۆیە ڕاگەیەندراوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس لە هەواڵێکدا، باسی لە ڕاگەیاندنی ئاییننامەیەک بە زانکۆی ئازاد کردووە، کە بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ڕەچاوکردنی پۆشین و ڕواڵەتی هەر تاکێک لە زانکۆدا دەبێ لەگەڵ چوارچێوە و سنووری دیاریکراوی شەریعەتی ئیسلام و هەروەها پێگە و ڕێسا تایبەتەکانی زانکۆدا بگونجێت و هاوتەریبی فەرهەنگی ئیسلامی و نەتەوەی ئێران بێت.

هەندێک لەو شتانەی کە لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتوون بریتین:

پۆشینی سادە و ساکار و گونجاو لەگەڵ پێگەی خوێندکاران.

کچەکان دەبێ لە چارشێو هاوکات لەگەڵ مانتۆ و سەرپۆشی گونجاو یان مانتۆی درێژ و سەرپۆشێک بە ڕەنگی باو کەڵک وەربگرن.

کوڕەکان دەبێ کراسی قۆڵ درێژ و شەڵواری سادە بە ڕەنگی فەرمی و ساکار لەبەر بکەن.

نابێ جلەکانیان ناسک و چەسپاو بێت.

کەڵکوەرگرتن لە کڵاو و سەرپۆشی ناسک، دەرکەوتنی مووی سەر، کەڵکوەرگرتن لە شەڵواری کورت و دڕاو و چەسپان بۆ کچان قەدەغەیە.

مانتۆی کورت، چاکدار و قۆڵ کورت قەدەغەیە.

ئارایشی نینۆک و دەموچاو لە زانکۆدا قەدەغەیە.

کوتانی خاڵ لە شوێنگەلێکی جەستە دەر بکەوێت، قەدەغەیە.

هەروەها نووسینی جۆرەکانی دروشمی ڕەگەزی و نەتەوەی لەسەر جلوبەرگ یان هەر شتێکی دیکە بۆ خوێندکارەکان قەدەغە کراوە.

دانانی مەرجی لەم چەشنە لە زانکۆوەکانی ئێران شتێکی نوێ نییە، بەرپرسانی زانکۆوەکانی ڕێژیمی ئێران ساڵانێکە لە ڕێگەی کۆمیتەی ئینزباتییەوە و بە دانانی کامێرا و لە ڕێگەی مۆرەکانی خۆیانەوە هەوڵی چاودێریکردنی خوێندکاران دەدەن و بە دانانی جاڕنامەی ئێخلاقی کردەوەکانیان کونتڕۆڵ دەکەن.

ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە دەستێوەردان لە کاروباری تاکەکەسی و هەروەها ژیانی خوێندکاران لە دەرەوەی کلاسەکانی زانکۆیە، زانکۆی ئازاد لەم ئاییننامەیەدا ڕایگەیاندووە، کە پۆشینی نێو خەوتنگەکانێش دەبێ شتێکی باو بێت و پۆشینی جلوبەرگی کاتی پشوودان بۆ کچەکانیان لە نێو هۆڵی گشتیی خەوتنگەکاندا قەدەغە کردووە.

خوێندکارانی زانکۆوەکان لە شارە جۆراوجۆرەکاندا لە بەرانبەر دانانی ڕێوشوێنی لەم چەشنە لە زانکۆوەکان دژایەتییان دەربڕیوە، لە نوێترین نموونەدا، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زانکۆی ئازادی تاران ڕووی داوە، گەشتی ئیرشاد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کردەوەی خوێندکاران چووبووە نێو ئەو زانکۆیە و بە تەما بوو چەند کەسێک لەگەڵ خۆی ببات، کە لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی خوێندکاران بەرەوڕوو بوویەوە و ناچار بە پاشەکشە بوو.