کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسماعیل بێشکچی سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کرد

10:08 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: "ئیسماعیل بێشکچی" کەسایەتی ناوداری و دۆستی لە مێژینەی نەتەوەی کورد سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧١٨ی کوردی، ئیسماعیل بێشکچی کەسایەتی ناوداری تورک و دۆستی لە مێژینەی نەتەوەی کورد بە هاوڕێیەتی هەرکام لە "ئیبراهیم  گوربوز" و "ئەحمەد کانی" لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی لێکۆلینەوەی بێشکچی لە ئامەد و هەولێر؛ سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد.

لەو سەردانەدا، بێشکچی و هەیئەتی هاوڕێی  لە لایەن هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتییەوە بە سەرپەرەستیی "محەممەد ساڵح قادری" نوێنەری حیزبی دێموکرت لە شاری هەولێر پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا بێشکچی و هەیئەتی یاوەری وێڕای دەربرینی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان سەبارەت بۆ ئەو لێکەوتە مرۆییەی کە بە هۆی پەلامارە  مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێرانەوە  بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات هاتووەتە ئاراوە،  ئاوڕێکی لە مێژووی پڕ کارەساتی نەتەوەی کورد لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووییدا دایەوە و  بە وەبیر هێناوەی ئەو  ڕووداوانە و ڕۆلی نێگەتیڤی زلهێزان و  پیلانی هەرکام لە وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، کە ڕێگر و بەربەست بوونە لە بە سەربەستی گەیشتنی گەلی کورد،  وەبیری هێنایەوە کە تەنیا ڕێگای بەربەرەکانی و سەرکەوتنی گەلی کورد بەسەر ئەو هەمووه تراژیدیایەدا، پێکهێنانی یەکڕێزی نیشتمانی و جدییەتی ئەوان بۆ بەهێزکردنی ئەقلییەتی نەتەوەسازی و بونیادنانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانە.  

پاشان قادری وێڕای بەخێرهێنانی بێشکچی و هاوڕێیان یاوەری، سڵاوی "مستەفا هیجری" لێپرسروای گشتی و ڕێبەرایەتی حیزبی بە ناوبراو گەیاند و سوپاسی هاوسۆزی  لەمێژینە و ڕۆل و خەباتی بێشکچی بۆ داکۆکی لە مافی کورد دەربری کە  بەردەوام بە ڕێگای نووسین و  بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی توانیویەتێ خزمەتێکی گەورە لە بە جیهان ناساندی دۆزی ڕەوا و ڕزگاریخوازیی کورددا ببینێت.

لە درێژەی دیدارەکەدا محمەد ساڵح قادری باسی لە قەیرانەکانی سیستەمی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئێران لە ناوخۆی و دەرەوەدا کرد و پێشێلکارییە دژی مرۆییەکانی ئەو ڕێژیمەی دەرهەق بە گەلی کورد، بە ئامار بۆ بێشکچی روونکردەوە و  دڵنیایی دایەوە کە سەرەڕای هەموو تاوان و پیلانی قەڵاچۆکردنمان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەڵام بەوپەڕی ئیرادەوە، بە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتی ڕەواوە داکۆکی لە مافی سەروەری و  چارەسەریی دادپەروەرانە و ئاشتیخوازی نەتەوەکەمان دەکەین .                                                                                    
ئیسماعیل بێشکچی لەدایکبووی ۷/۱/۱۹۳۹یە، لە ناوچەی ئیسکسلیپی سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی تورک و بە دین حەنەفی لەدایکبووە. کەسایەتییەکی کۆمەڵناسی تورکە کە ماوەیەکی زۆر تەنها غەیرە کوردێک بوو کە هەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەر بۆیە نازناوی "ساری هۆجا" بە تورکی لێنراوە، بە مانای "مامۆستا قژ زەردەکە"دێت. بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی PENە.