کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام پارێزگایەک بەبێ سینەما

12:47 - 30 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: شاری ئیلام ماوەی ٥ ساڵە تاقانە سینامەکەی ڕووخێندراوە و خەڵکی ئەو پارێزگایە لە سینەما بێبەشن.

سینەمای شاری ئیلام کە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر سازکراوە، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، بە بیانووی نۆژەنکردنەوە لە لایەن ڕێژیمەوە ڕووخێندرا و دواتر کراوە بە پارکینگ و ماوەی ٥ ساڵە ئەو شارە سینەمای نییە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە ئیلام لە کاتی ڕووخاندنی ئەو سینەمایە، هەتا ئێستە دروشم و بەڵێنی درۆ بە خەڵک دەدەن کە سینەمایەکی نۆی ساز دەکەن، کە رادەی کورسییەکانی زۆرتر بێت و وڵامدەری حەشیمەتی ئەو شارە بێت.

بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕادەی سینەماکان لە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتی شارەکان زۆر کەمە و تەنیا ناوەندی پارێزگاکان سینەمایان هەیە و زۆرینەی شارستانەکان سینەمایان نییە.

ڕێژیمی ئێران بە هونەر و کولتوور هیچ گرنگییەک  نادات و بە ڕووخاندنی سینەماکان و هۆڵەکانی شانۆ و موڵەت نەدان بە هونەرمەندان بۆ سازکردنی فیلم و شانۆ، تێدەکۆشێت خەڵک لە دونیای مودێڕن دوور بخاتەوە و بە سازکردنی شوێنە ئایینی و مەزهەبییەکان بە بوودجەی بەربڵاو و بێسنوور، سیاسەتە دواکەوتووانەکانی خۆی بەرەو پێش ببات.