کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینتێرنێت بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەسپێردرێت

13:25 - 14 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکان ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە ئینتێرنێتیان پێ بسپێردرێت.

پاسدار "محەممەد باقری"، بەرپرسی ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ئەسپاردنی ئینتێرنێت بە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وتوویەتی: "توانایی دروستکردنی ئینتێرنێتمان لە ئێراندا هەیە، ٧٠ لەسەدی پانای باندی ئێمە لە دەستی وڵاتانی دیکەدایە و خۆمان دەرکەمان کردووەتەوە کە ئەوان بێن و بیروڕای لاوانی ئێمە مودیرییەت بکەن".

گەڵاڵەی سپاردنی ئینتێرنێت بە هێزە چەکدارەکان لە ساڵی ڕابردوودا هاتە ئاراوە، چونکە زۆربەی کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە وەزارەتی ئیتلاعات لێهاتوویی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی یاساکان و پاڵاوتنی دنیای مەجازی نییە.

باسکردن لە سپاردنی ئینتێرنێت بە هێزە چەکدارەکان لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کاربەدەستانی ڕێژیم و لەوانە "محەممەد جەواد ئازەری جەهرۆمی"، وەزیری ـئیرتباتاتـ"ـی ڕێژیم لەگەڵ ئەم کارە دژایەتی دەکەن؛ هەندێک لەم کەسانە لەسەر ئەو بڕوایەن کە جێبەجێکردنی ئەم گەلاڵەیە دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دەوڵەتی ئامریکا کە گەمارۆ بخاتە سەر ئینتێرنێتی ئێرانیش.