کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام فیلتێر دەکرێت

18:06 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سانسۆر و فیلتێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا بەردەوامە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەبەردان کە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام (Instagram) فیلتێر بکەن.

"جەواد جاویدنیا" سەرپەرەستی جێگری فەزای مەجازیی دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" باسی لەوە کردووە، بەشی هەرە زۆری، زانایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران داواکارن کە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام فیلتێر بکرێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە هەندێک کەس بە هۆی ئەوەیکە ئێمە هەڵسوکەوتی جیددیمان لەگەڵ ئینستاگرام نییە پێمان دەڵێن: "بێ غیرەت"؛ جاویدنیا باسی لەوەش کردووە، دەزگای قەزایی لەبارەی فیلتێری ئینستاگرام هۆشداریی جیددی بە ئێمە داوە، ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، ڕێژەی تاوانەکان لە ئینستاگرامدا بەرز بووەتەوە و دەبا ئینستاگرام چەند ساڵ پێش فیلتێر کرابا.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا باس لە فیلتێری ئینستاگرام دەکەن کە فیلتێری تێلێگرام لە ئێراندا سەرکەوتوو نەبووە و ڕێژەی کاربەرانی تێلێگرام دانەبەزیوە.

بەرپرسانی قەزاییی ڕێژیمی ئێران لە ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە بە فەرمی تێلێگرامییان فیلتێر کرد، کە بە پڕبەکار‌هێنەرترین بەرنامە لە ئێراندا دادەنرێت و هەندێك بەرنامەی نێوخۆییان لە جێی داناوە، کە لە ڕووی ئەمنییەتییەوە ئیزنی سیخوڕیکردن لەسەر بەکارهێنەرەکانیان بە ڕێژیمی ئێران داوە و لە لایەن خودی بەرپرسانی ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچن.

ساڵانێکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ماڵپەڕەکان و سەرجەمی ئەو نەرمە ئامێرانەی کە لە ئێراندا زۆر بەکار دەهێنرێن، فیلتێر بکات.