کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یووفا" هۆشداریی بە تاران دا

10:57 - 3 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی فووتباڵی ئورووپا، داوای لە وڵاتانی ئەندام لەو یەکیەتییە کردووە کە لە یاریکردن لەگەڵ وڵاتانێک کە ڕێگە نادەن ژنان بە هیچ شێوازێک بڕۆنە یاریگاکانەوە، خۆیان ببوێرن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕەزبەر، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی "یووفا" ڕایگەیاندووە کە بە ٥٥ وڵاتی ئەندامی خۆی پێشنیاری کردووە تا لەگەڵ وڵاتانێکدا کە ژنان مافی چوونەژوورەوە بۆ یاریگاکانیان نییە، یاری نەکەن.

"یووفا"، ناوی هیچ وڵاتێکی بە ئاشکرایی نەبردووە، بەڵام ئەم پێشنیارانە دوابەدوای ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا، بەهۆی ڕێگریکردن لە بەشداریی ژنان لە یاریگاکاندا هاتووەتە ئاراوە.

بەرپرسی فێدراسیۆنی جیهانیی فووتباڵ ناسراو بە "فیفا"، ڕۆژی دووشەممە، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی باشترینەکانی ساڵی فووتباڵی جیهانیدا وتی: "دەوڵەت و فێدراسیۆنی فووتباڵی ئێران دڵنیایی بەخشیوە کە لە یەکەمین یاریی میللیی ئێراندا، واتا یاری لەگەڵ کەمبریج، ژنان ئیجازەیان دەبێت کە لە یاریگاکاندا بەشدار بن".

بەم حاڵەشەوە ڕوون نییە کە ئێران مەجال بە ڕۆیشنی ژنان بۆ یاریگاکان بدات یان نە، بەڵام فیفا جەختی کردووەتەوە کە بێبەشیی ژنان بۆ ڕۆیشتن بۆ یاریگاکان دەبێ کۆتایی پێبێت.