کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک ملیۆن بەساڵاچوو لە ئێراندا، دوای خانەنشین بوونیش هێشتا کار دەکەن

11:00 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ئێراندا سەرەڕای ئەوەی کە پێیان ناوتە تەمەنی بەساڵاچووییەوە، هێشتا خەریکی کارکردنن.

ناوەندی ئامار و زانیاریی ستراتیژیکی وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕیژیم لە بەرەبەری ٩ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی بەساڵاچووان لە ئیراندا بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لە هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم بڵاو بووەتەوە، لە حاڵێکدا کە تەمەنی خانەنشینی لە ئێراندا ٦٠ ساڵە، نزیک یەک ملیۆن کەس کە تەمەنیان ٦٠ و زیاتریش لە ٦٠ ساڵە، هێشتا هەر کار دەکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی بەشداریی ئابووریی بەساڵاچووان، ١٦.٦ لەسەدە کە ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوانی بەساڵاچوو ٢٩.٤ لەسەد و بۆ ژنان ٤ لەسەدە.

بەپێی ئەم بەراوردە، لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە هەموو حەشیمەتی ئێراندا، خانەنشینکراوان  ٩.٧ لەسەدی ئەم حەشیمەتەی پێک دەهێنا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خانەنشینکراوان بەهۆی ئەوەی کە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ پشتیوانییەکیان لێناکرێت، ناچارن لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەدا کە لە لایەن ڕێژیمەوە بە سەریاندا سەپاوە، درێژە بە کار بدەن.