کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران: سەرکوتی کرێکاران بۆ ترساندنی کۆمەڵگایە

11:43 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دوای دەرکردنی حوکمی قورس بە سەر چالاکانی کرێکاری و هێرشی هێزی بەناو ئینتزامیی ڕێژیم بۆ سەر کۆبونەوەی کرێکارانی هێپکۆ، یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران سەبارەت بە شەپۆلی بەرینی سەرکوتی کرێکاران بەیانییەیەکی دەر کرد.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لەم  بەیانییەدا بڵاوی کردووتەوە: '' بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بچووکترین وڵامێک بە داواکارییەکانی کرێکاران نادەنەوە و لە بەرامبەردا لە ڕێگای دەسبەسەرکردن و دەرکردنی حوکمی زیندانی و قامچی بۆ کرێکاران، هەوڵی سەرکوتی هەر شێوەیەک لە مافخوازی و داواکارییەکانیان دەدەن.

لەم بەیانییەیەدا هاتووە: ''لەو ڕاستایە هێرشی هێزی ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاری، بۆ ترساندنی هەموو کرێکارانی ئێرانی، بووەتە ئەمرێکی ڕووتین لە لایەن ناوەندکانی ڕێژیمەوە".    

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە 'ڕاستییەکانی کۆمەڵگا بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە کۆمەڵگا بەپێچەوانەی بیری دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، لەم سەرکوتانە ناترسن.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆ" لە شاری ئەراک، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دواکەوتنی موچەی چەند مانگیان و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان، ڕێگای ئاسنیی نێوان باکوور و باشووری ئێرانیان داخست.

ناڕەزایەتیی ئەمجارەی کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆ" بۆ بەدەستهێنان و وەرگرتنی مافە ڕەواکانیان، کاردانەوەی توندی هێزەکانی ڕێژیمی بەداوەوە بوو و هێزەکانی ڕێژیم بەتوندی هێرشیان کردە سەر کرێکارانی ناڕازی.