کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بەڕێوەبرد

17:29 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەشی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی سەبارەت بە ژیان و خەباتی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی کورد "مەحموود خانی دزڵی"، لەژێر ناوی "شۆڕشگێڕێکی لەبیرکراو، مەحموودخانی دزڵیی هەورامان" بەڕێوەبرد.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ ڕەزبەر، بەشی پەروەردەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بۆ "هادی عەزیزی"، لێکۆڵەر و شارەزای بواری مێژوو لە بنکەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوەیە پێکهێنا.

سەرەتای سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر "هادی عەزیزی" سێمینارەکەی خۆی لە دوو پانێلدا دەست پێکرد. 

"هادی عەزیزی" لە سەرەتای باسەکەیدا بە باسکردن لە مێژووی سەرهەڵدانی شوڕشی نەتەوایەتیی کورد لە دوای نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای هەردوو دەوڵەتی داگیرکاری ئەوکاتی کوردستان واتە عوسمانی و قاجار دەستیپێکرد و بە وەبیرهێنانەوەی هەموو شۆڕشەکان لە شۆڕشی نەهرییەوە هەتا کۆماری کوردستان، دەروازەیەکی بۆ دەرکەوتن و ژیان و شۆڕشی شەهید "مەحموود خانی دزڵی" کردەوە.

ناوبراو، لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا بە وردی لەسەر ژیان و خەبات و نیشتمانپەروەریی شەهید "مەحمودخانی دزڵی" دوا، هەروەها تەواوی ئەو خاڵانەی ئاشکرا کرد کە لە مێژووی ئەم سەدەیەدا بوونەتە ڕێگر هەتا ڕۆڵی کەسانێکی وەک شەهید مەحموود خان و بە دەیان قارەمانی تر بە شاراوەیی  بمێنێتەوە.

مەحموود خانی دزڵی ساڵی ١٨٧٠ لە گوندی دزڵیی هەورامانی تەخت لەدایک بووە. بۆ ساڵانێکی زۆر بەربەرەکانێی لەگەڵ دەوڵەتی قاجار، ڕێژیمی پەهلەوی و هەروەها بریتانیاییەکان و داگیرکارانی کوردستان کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر لە بەندیخانەکانی هینندوستان، کەرکووک، سلێمانی، قەسری قاجار و پەهلەوی ماوتەوە و هیچکات دەستی لە شۆڕش و خەبات دژ بە داگیرکەرانی کوردستان هەڵنەگرتووە.

ناوبراو بە پاڵەوانی یەکەمی شەڕی شێخ مەحموود لەگەڵ بریتانیا ناسرا کە سلێمانی لە دەست بریتانیا ڕزگار دەکەن. ناوبراو ساڵی ١٩٤٦ بە بیانووی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی پەهلەوی لە ناوچەیەک بە ناوی ''مڵەخوورد''، لە لایەن ئەفسەرێکی ڕێژیمی پەهلەوییەوە دەرمانخوارد دەکرێت و دوای ٩ ڕۆژ لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا شەهید دەبێت و ناوی دەچێتە ڕیزی نەمرانی کورد و کوردستانەوە.

 سێمینارەکە بە بەشداریی چالاکانەی بەشداربووان بە بۆچوون و تێبینییەکانیان کۆتایی پێهات.