کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی سێمینارێکی بەڕێوە برد

14:17 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سلێمانی بە هاوکاریی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لەو  شارە، سێمینارێکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ۱۱ی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتای، بەرانبەر بە ۲ی نوامبری ۲۰۱۸ی زایینی، کۆمیتەی "هەتاو"ـی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوکاریی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی سمینارێکی بۆ بەڕێزان "فوئاد خاکی بەیگی" بەرپرسی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی و "عومەر فەخرەدین‌فەر" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان لە لایەن بەڕێز "ئازاد شافێعی" بەرپرسی کۆمیتەی "هەتاو"ـی یەکیەتیی لاوان لە شاری سلێمانی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

دواتر بەڕێز "فوئاد خاکی‌بەیگی" کە تەوەری باسەکەیان لەسەر ڕاسانی خۆرهەڵات بوو، لە دەستپێکی قسەکانیدا باسی لە نێوەڕۆکی ڕاسان وەکوو قوناغێکی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرێدانی خەباتی شار و شاخ کرد؛ وتی: "لە هەندێک ڕوانگەوە ڕاسان تەنیا بە خەباتی چەکداری دەبینرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەموو ڕوانگانەی کە باس دکرێن، ڕاسان نە تەنیا لە خەباتی چەکداریدا بەرتەسک نەکراوەتەوە، بەڵکوو خەباتێکی هەمەرەهەندە کە شێوازەکانی خەباتی دیپلۆماسی، خەباتی مەدەنی، خەباتی ڕاگەیاندن و ...هتد لە خۆی دەگرێتەوە".

خاکی بەیگی لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی ڕاسان و ڕایگەیاند: ڕاسان پرژۆیەکە بۆ کۆبوونەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی کاری هاوبەش، وەکوو پێکهێنانی هێزی چەکداریی هاوبەش، ناوەندێکی دیپلۆماسی هاوبەش و ...هتد

هەروەها لە کۆتایی باسەکەیدا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی ڕاسان لەسەر پێگەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا کرد و وتیشی: "ئامانجی ڕاسان تەنیا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو پێکهێنانی بەرنامە و پرۆژەیەکە بۆ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێگەی کورد لە داهاتووی ئێرانێکی دێموکراتیکدا".

لە بڕگەیەکی تری سێمینارەکەدا بەڕێز "عومەر فەخرەدین‌فەر" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان، کە تەوەری باسەکەیان لەسەر کاری ڕێکخراوەی و ئەرکی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە کاری ڕێکخراوەییدا بوو، ئاوڕێکی لە مێژووی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان دایەوە، کە بەشێک لە مێژووی حیزبی دێموکراتە و باسی قوناغەکانی مێژوویی یەکیەتیی لاوان کرد و وتی: "یەکیەتیی لاوان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنووکە چوار قوناغی جۆراوجۆر و پڕ هەورازی بڕیوە، دوا قوناغیش لە ساڵی ۱۳۹٤ی هەتاوی بوو، کە بیرۆکەی هاتنە ئارای پرۆژەی ڕاسان لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بوو".

کاک عومەر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵ و ئەرکەکانی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە بەرەو پێشبردنی ڕاسان کرد و وتیشی: "دوو ڕەهەندی سەرەکی ئەرکی یەکیەتیی لاوان و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە کە دەبێت بە مەبەستی بەرەو پێشچوونی ڕاسان لە لایەن یەکیەتیی لاوانەوە کاری لەسەر بکرێت. یەکەم، ڕێکخستن و دیاریکردنی ئەرکەکانی ئەندامانی یەکیەتیی لاوان، دووهەم، حزووری یەکیەتیی لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەبێت لاوانی ڕۆژهەڵات تێکەڵ بە ڕێکخراوەکەی خۆیان بن و کۆتایی بەم دابڕانە بهێنرێت".

ناوبراو لە کۆتایی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر هۆشیاری و وریایی لاوانی ڕۆژهەڵات وەکوو کاریگەرترین توێژ لەسەر خەباتی شار و ڕایگەیاند: کە لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی ساڵەکانی ۵۷ و ۵۸ـی هەتاوی بیرۆکە و داواکارییەکانیان گۆڕاوە، وتیشی: "ئێستا ئەوەی کە بۆ سەرجەم کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت توێژی لاوان وەکوو کاریگەرترین توێژ لەسەر خەباتی شار و بەرەو پێشچوونی ڕاسان گرنگە، سیاسەتکردنە، کە دەوترێت سیاسەت مەبەست لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسەتە، وەکوو سیاسەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ...هتد".

لە کۆتایی سێمینارەکەدا بەشداربووان پرسیار و ڕاوبۆچوون و تێبینییەکانیان خستە بەرباس و لە لایەن بەڕێزان فوئاد خاکی‌بەیگی و عومەر فەخەردین‌فەرەوە وڵامیان درایەوە.