کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکرات لەسەر پەیوەندییەکانیان جەختیان کردەوە

17:56 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی قایمقامییەتیی قەزای کۆیە سەردانی بنکەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، شاندێکی قایمقامییەتیی قەزای کۆیە بە سەرپەرەستیی ''مامۆستا یووسف''، قایمقامی شاری کۆیە و هاوڕێیەتیی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی ١٤ی ڕێکخستنی کۆیەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بنکەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد کە لە لایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی ''محەممەد نەزیف قادری'' ،جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پەیوەندییە گشتییەکانەوە، پێشوازییان لێ کرا.

لەو دانیشتنە دۆستانەیەدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر هاوکاری و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و دامودەزگا حکوومەتییەکان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، کردەوە.