کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی سەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی پەسەند کرد

19:04 - 18 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی پیلانە تێرۆریستییەکانی دەزگای سیخوڕیی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی، یەکیەتی ئورووپا گەمارۆی سەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی پەسەند کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، ڕۆژی سێشەممە ۸ی بەفرانبار، "ئاندرێس سامۆئێلسن" وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی دانمارک، ڕایگەیاند بەهۆی داڕشتنی پیلانە تیرۆریستییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە نێو خاکی وڵاتی دانمارک، یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆ پیشنیارکراوەکانی وڵاتی دانمارک بۆ سەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی، پەسەند کرد.

وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی دانمارک لەمبارەیەوە بە هەواڵدەریی "ڕویتێرز"ـی ڕایاگەیاندووە ئەو بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا، نیشانەیەکی بەهێزە لە سەر ئەو بنەمایەی کە ئێمە وەها کردەوە و ئاکارێک لە ئورووپا قبووڵ ناکەین.

وەزارەتی دەزگای زانیاریی وڵاتی دانمارک، ڕۆژی شەممە ۳۱ی خەرمانانی ئەمساڵ ڕایگەیاند، پیلانێکی داڕێژراوی تیمە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە خاکی ئەو وڵاتە دژبە ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان، ئاشکرا و پووچەڵ کردووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ۸ی گەلاوێژ، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی دانمارک ڕایگەیاند کە باڵوێزی وڵاتەکەی لە تاران بانگهێشت کردووەتەوە و هەروەها وڵاتی دانمارک پێشنیار بە یەکیەتیی ئورووپا دەکات کە گەمارۆگەلێکی نوێ بە سەر تاراندا بسەپێنێت.

ئاندرێس سامۆئێلسن، لە سەر کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە خاکی وڵاتەکەی وتی دانمارک بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت قبووڵ بکات کە هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی دانمارک بە دوای تیرۆرکردنی کەسێک یا کەسانێکەوە بن.