کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیامێکی بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڵاو کردەوە

11:38 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لە مامۆستایان، قوتابیان و بنەماڵەکانیان، تێدەکۆشێ کە بە پشت بەستن بە ئیرادەی بە هێزی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان هەتا وەدیهاتنی ئامانجە ڕاستەقینە و ڕەواکانی گەلی کورد دژی دڕندەترین دەسەڵاتی سەردەم بمێننەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بۆ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی فێرکارییەوە، فێرگە تەنیا جێگەیەک نییە کە لەودا ئەکتەرە تاکەکان یەک دەگرنەوە، بەڵکوو دەکرێ وەک ناوندێکی سیاسیش تێی بڕوانێ. لە دنیای ئەمڕۆدا بونیادی فێرکاریی لە بەر کۆمەڵێک فاکتۆری ناوەکی و دەرەکی بە گشتی و لە بەر ڕوانگەی ستراتێژیکی حکوومەتی ناوەندیەوە بە تایبەتی بە ناو چەندین پرۆژەی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە و بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی ئەستاندووە.

بایەخی بەرهەمی شڕۆڤەی هەمە لایەنەی ئەم پرۆژەو فاکتۆرانە کە بە مەرجدارکردنی پرۆسەی خوێندنەوە پەیوەستن، لە درێژخایەندا خۆ دەردەخەن. کاتێک ئەو گرینگییە مومکین دەبێ کە دەسەڵاتی ناوەندی بە دڵفراوانی و لەژێر بیری ڕاستەقینەی گەل سالاریدا زەمینەی پێویست لە بواری ئاسایش و ئیمکانات وەها بڕەخسێنێ کە کارناسانی بواری پەروەردە، مامۆستایانی خاوەن ئیدە و نوێنەرانی ڕاستینەی خەڵک بە سانایی بتوانن دەستیان بە ناوەندەکانی بڕیار بگات تا لەوێ بۆچوون و ڕوانگەکانیان دەرببڕن و پاشان بۆ ناو کۆمەڵگەیان بگوازنەوە. بە واتایەکیتر، ئەو حکومەتانەی کە لە سەر بنەمای زانستیانە و بە کەرەسەی مودێڕن بایەخ و گرینگی بە مەسەلەی خوێندن و پەروەدە دەدەن، لە گەشەی کۆمەڵایەتی هەمەجۆرە بەهرەمەند دەبن.

ئێستا کە پشووی هاوینە بەرەو کۆتایی دەچێت و لە سەرەتای وەرزی پاییز نزیک دەبینەوە، لانیکەم ١٣ میلیۆن قوتابی خۆیان ناونووس کردووە کە لە ١ی ڕەزبەردا بە گشەو نەشە بەرەو خوێندنگەکان بچن و هیوا خۆزگەکانیان بێتە دی. ئامارێک کە کە پێوەندی بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەوە هەیە و  هەر یەکەو بە جۆرێ دەگرێتەوە. وەک نەریتی هەمیشەیی دایک و بابەکان بە مەبەستی دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بە هەموو تواناوە تێدەکۆشن کە باشترین ئامادەکاری دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن بۆ جگەرگۆشەکانیان بکەن.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست، سەرپەرەشتیارانی ئازیز!

ئێوە لە حاڵێکدا بە دنیایەک هیوا و ئۆمێدەوە چاوتان لە داهاتووی منداڵەکانتان بڕیوە کە دەزگای پەروەردەی ئێران لە قەیرانی جیددی دایە، ئەوەش لە ڕاستیدا  گیرۆدەی سیاسەتە شەڕەنگێزو دژەمرۆیییەکانی نیزامی کۆنەپەرستانەی تارانە. ئەو دەسەڵاتەی کە قوتابخانەی لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور خستووەتەوە و بە قازانجی مانەوەی تەمەنی شوومی حکوومەتی ئاخوندە فێڵبازەکان، منداڵانی ئێمەی کرددووەتە قوربانی.

خۆشەویستان، ئەمڕۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی لە حاڵی تێپەڕاندنی قۆناغێکی دژواری ئابووری دان کە لەودا لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەستەوسان ماونەوە. کەش و هەوایەکی قەیراناوی و بێ هیوایی وەها بە سەر کۆمەڵگەی ئێمەدا زاڵ بووە کە هیچ ترووسکای یەک لە ڕوخساری بنەماڵەکاندا بۆ دابینکردنی مافی منداڵە هەژارەکان بەدی ناکرێت، هیچ بایەخێک بە پیشەی گرینگی مامۆستایان نادرێ و گوێ لە داخوازیە ڕەواکانیان ناگرن، ئەوەش هەمووی دەگڕێتەوە بۆ سیاسەتی هەڵەو ئیدئۆلۆژیکی بەرتەسکی نیزامیی ویلایەتی داسەپاوی فەقیهـ. دیاردەی گەندەڵی و دزی هەموو ناوەند و ئورگانەکانی ناو ئێرانی تەنیوەتەوە و بەرپرسانی ڕیاکار و دووڕووی ئەم دەسەڵاتە تەنها بە ڕیایی و بە قسە باس لە خزمەت بە خەڵک و دینداری دەکەن و لە مەیدانی کردەوەدا خەریکی تاڵان و جەنایەتن.

ئەگەرچی بەپێی ڕێکەوتننامە جیهانییەکان و بەپێی ئاییننامەی وەزارەتی پەروەدە و فێرکردنی ئێران، خوێندن لە قوتابخانە دەبێ خۆڕایی بێت و بڕە پارەیەک بە ناوی سەرانە بەپێی قۆناخ بەردەوام بخرێتە حیسابی قوتابخانەکان، بەڵام وەک دەبینین وا ماوەی چەن ساڵە کە دەسەڵات لە دانی وەها شتێک خۆ دەبوێرێ و لە بەرانبەردا بە شێوەیەکی نەشیاو و نایاسایی خەرجی قوتابخانە و پێداویستییەکانی خستۆتە سەر شانی بنەماڵەکان. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران داهاتێکی ماڵی زۆری لە بەردەست دایە و بەرپرسانیش وەکوو یەکەمین دەسەڵاتی بە هێزی ئابووری و تێکنۆلۆژی ناوچە پێناسەی دەسەڵاتەکەیان دەکەن.  

قوتابیانی خۆشەویست!

ئێوە دەبێ ئەو ڕاستیە زۆر باش بزانن کە نیشتمانی ئێمە نە تەنیا کە لە بێبەشیدا ماوەتەوە و خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی نیە، بەڵکوو لە لایەن یەکێک لە دڕندەترین و دواکەوتووترین حکوومەتەکانی جیهان کە کۆماری ئیسلامییە داگیر کراوە. گەلی کورد لە ئاست نزمترین بڕیارەکانی ئیداریی وڵاتی خۆی دەستەوستانە، مافی خوێندن بە زمانی خۆی لێ زەوت کراوە، نە تەنیا کە ڕێگری لە دامەزرانی پرۆژە و کارخانەجات لە کوردستان دەکرێ بەڵکوو داهات و سامانی وڵاتەکەش هەر وا بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران بە تاڵان دەبەن،  خاوەن نوێنەرایەتی و مودیریەتی دڵسۆز و کارامەی ئورگانەکانی خۆی نییە، لە بواری گوازتنەوەدان فڕۆکەخانەیەکی ئەوتۆ لە کوردستان نابینرێ، ڕێگەوبانێکی ستاندارد نییە و  ئیزنی کێشانی ڕێگەی ئاسن نادرێ. داگیرکەرانی کوردستان ڕرێگە بە ئێوە نادەن کە لە قوتابخانەیەکی سەردەمیانەدا و لە فەزایەکی هێمن و ئارام بە زمانی زگماکی خۆتان دەرس بخوێنن و لە تەنیشت مامۆستایانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری وڵاتەکەمەن باس لە مێژوو، کولتوور، ژێئۆگرافی، تایبەتمەدیەکانی گەلی کورد و جوانی یەکانی کوردستان بکەن و بە شادی سروودی خوایە وەتەن ئاوا کەی بڵێنەوە.

ئازیزان، بۆ دەرچوون لەم قوناغە تاریکە و بۆ وەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانمان، کوردستان پێویستی جیددی بە هێمەتی ئێوە هەیە. لاوانی کورد دەبێ لە هەر بارودۆخێکدا درێژە بە خوێندن بدەن تا لە داهاتوو دا بە چەکی زانست و تێکنۆلۆژی بە سەر داگیرکەراندا زاڵ ببن و خاکی پیرۆزی کوردستان لە گەڵ سەروەرییەکانی وەربگرنەوە.

 مامۆستایانی چاونەترس و مافخوازی کوردستان!

دیارە کە ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بە دەستی ئاخوندە دنیا پەرەستەکان خوڵقاوە لە سەر گوزەرانی ژیانی رۆژانەی ئێوە و دەرسوێژان کارتێکەری زۆر نالەباری هەبووە، بەڵام بەو حاڵەش لە ئەرکی پیرۆزی وانەوتنەوە بە قوتابیان غافڵ نەبوون، چونکوو هەموان دەزانن کە سەرچاوەی سەرەکی ئەو دۆخە لێڵە بۆ نەشیاوی بەرپرسانی پلەباڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە.

هەر وەک ئاگادارین، گەلانی ئێران بە گشتی لە وەزعێکی ئابووری زۆر نالەباردا گیریان خواردووە: ناسەقامگیری دراو لە بازاردا  لە بەرزترین لوتکە دایە، کارگە و شیرکەتەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە خەریکی کاری هاوردە و هێنانی دەرەکین لە حاڵی مایەپووچ بوون دان، مووچەو مزدی کارمەندان و کرێکاران چەن قات بێ نرخ بووە و ناتوانێ وەڵامدەری خەرجی ئاسایی ئەوان بداتەوە و زۆر گرفتیتر کە بە بۆنەی گەڕانەوەی گەمارۆکان سەریان هەڵداوە.

بەرپرسانی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی کە هەڵبژێردراوی خەڵک نین و بە فێڵ و پیلان خۆیان بە سەر ناوەندەکانی دەسەڵاتدا سەپاندووە، بە هۆی ئەوەی کە هیچ جۆرە لێ پرسینەوە و چادێری یەکیان لێ ناکرێ، نوقمی فەساد و دڵڕەشی بوون و لە جیاتی چارەسەری کێشەکانی خەڵک، لە لایەک بەجکەکانی خۆیان لە ناو خۆ یا دەرەوەی وڵات خستووەتە ناز و نێعمەت و لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی کە سەر لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بشێوێنن و بە دژیان ڕانەپەڕن، وەکوو گورگی هار بەربوونەتە کوشتنی لاوان و تێکۆشەرانی کورد.

 بەڕێزان، هەروەک لە ٢١ی خەرماناندا دیتمان، گەلی کورد بۆ جارێکی دیکە، یەکدەنگ و یەکڕیز سەلماندی کە لە ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندەکان بێزارە و هەمیسان نیشانی دا کە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان یەک دڵ و دووانەیەکی لێک جیانەکراوەن. جا بۆیە لەم بارودۆخە سەختەدا هەر ئەوە لە مامۆستایانی نیشتماپەروەری کوردستان دەوشێتەوە کە لە تەنیشت وانە فەرمی یەکاندا و لە هەر دەرفەتێک کە بۆیان دەڕەخسێت ، قوتابیان و بنەماڵەکانیان لە ڕاستییەکان و دەسیسەی دەسەڵاتی میراتگرانی سەفەویی خوێنمژ ئاگادار بکەنەوە. حاکمیەتی ئیدئۆلۆژیکی تاران لە ڕێگەی پرۆگرامی فێرکاری و ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکانەوە هزری دژەبەشەری و شەڕەنگێزی بڵاو دەکەنەوە و  هەوڵی شەرعیەت دان بەو تاوان و جەنایەتانە دەدەن کە ٤٠ ساڵە خوویان پێ گرتووە. ڕۆڵی گرینگی مامۆستایانی مافخواز و دەروەستی کوردستان ئەو کاتە دەردەکەوێ کە ژیرانە بێنە مەیدان و بە وشیاری پیلانەکانی دوژمن بەرپەرچ بدەنەوە. ئەگەر زمان و وێژەی کوردی یا کولتوور یا مێژووی گەلەکەمان لە کتێبە دەرسیەکاندا ڕەنگی نەداوەتەوە یا بە لاڕێدا بردراوە، ئەوە ئەرکی مامۆستایانە کە بەرچاو روونی بە قوتابیان و بنەماڵەکانیان بدەن کە چی تر نەبنە قوربانی پیلانە نگریسەکانی ڕێژیم و داهاتوویان رەش نەبێت.

لە کۆتای دا‌ داواکارین:

١ـ به‌روون بوونه‌وه‌ی داهاتووی ڕوو له‌ هه‌ڵدێر و روخساری نه‌گۆرو قیزه‌ونی ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی هیوا به‌ چاکسازی له‌ چوارچێوه‌ی وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک وه‌لا بنێین و چی دی به‌ ناوی چاکسازی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵات درێژ نه‌که‌ینەوە.

٢ـ  به‌ ڕێکخستنی خه‌باتی پیشه‌یی ورێکخراوه‌یی بنه‌ماکانی خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌ ناو کۆمه‌ڵگا پته‌وتر بکه‌ین و خۆمان بۆ دوارۆژی زۆر نزیک ئاماده‌ بکه‌ین.

٣ـ  با وه‌ک هه‌نگاوێک له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوشی دایکی نیشتمان، ئه‌و به‌ ناو مامۆستاو خوێندکارو قوتابیانه‌ی که‌ به‌ هه‌ر هۆیەک هه‌ڵخەڵە‌تاون و چوونه‌ته‌ ریزی لەشکریانی ئەو دەزگا فاسدە، به‌ ده‌ستبه‌ردار بوونیان له‌ و شوێنه‌ قیزه‌ونانه‌ بگه‌رێنەوە باوشی گه‌له‌که‌یان و چیتر خۆیان شه‌رمه‌زاری دوارۆژی ئازادی نه‌که‌ن.

 ٤ـ  وانه‌کانی ئه‌مساڵ ده‌بێ زۆر جیاوازتر بێت له‌ ساڵانی پێشوو و ده‌بێ ڕێگەی چالاکوانانی شه‌هید، زیندانی و ته‌بعیدکراو به‌رده‌وام بێ تا دیکتاتۆر بزانێ گرتن، لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییه.‌

٥ـ خه‌باتی نه‌ته‌ویی له‌ سه‌ر بنه‌مای مافخوازی به‌رینتر بکەینەوە به‌ چه‌شنێک که‌ بتوانین له‌ سه‌ر ڕای گشتیی گه‌لانی ئێران له‌مه‌ر ڕه‌وایی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد شوێندانه‌ر بین.

٦ـ تێبکۆشین یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو چین وتوێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری به‌ هه‌موو ئایین و مه‌زهه‌به‌کانیه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین هەتا ببێتە ته‌زمینێک بۆ ئاسایشی داهاتووی دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵات. دڵنیاتان ده‌که‌ین له‌ سێبه‌ری وه‌ها ئاماده‌کارییەک دا تا سه‌رکه‌وتن وچانێکی ئەوتۆمان نەماوە.

 خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان!

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لە مامۆستایان، قوتابیان و بنەمالەکانیان، تێدەکۆشێ کە بە پشت بەستن بە ئیرادەی بە هێزی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و کۆمەڵێک مامۆستای بوێری کورد هەتا وەدیهاتنی ئامانجە راستەقینەو رەواکانی گەلی کورد لە پانتایی خەبات دژی دڕندەترین دەسەڵاتی سەردەم بمێنێتەوە، ئەوەش ئەو کاتە دێتە دی کە ڕیزەکانی یەکیەتیی و برایەتیمان لە سەر بنەمای ئاشتی و دێموکراسی لە جاران پتەوتر بە هێزتر بکەین.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی