کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە

12:17 - 4 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کڕینی جلوبەرگی فۆرمی قوتابییان بە شێوەی زۆرەملێ لە لایەن قوتابخانەکانەوە پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئەمساڵيش وەک ساڵانى ڕابردوو كاربەدەستانى پەروەرده و بارهێنان له بەرەبەرى كرانەوەى قوتابخانەكاندا زەختیان خستووەتە سەر قوتابيیەكان کە دەبێ جلوبەرگی فۆرم بۆ قوتابخانە بكڕن و بیپۆشن.

ئێمه وەک يەكيەتیی پيشەيى مامۆستايانى كوردستانى ئێران، ئەو کارە بە زەربەلێدان لە فۆلكلۆرى نەتەوەکان دەزانین کە بەو کارە دەیانهەوێت قوتابيیەكان  لە جلی نەتەوەیی خۆیان دووربکەنەوە.

ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەداین کە لیباسی فۆرمی قوتابيیەكان دەبێ جلی نەتەویی خۆیان بێت کە دەتوانێت یەکڕەنگیش بێت نەک کراس و شالوارێک کە بەزۆرەملێ بیپوشن.

بەداخەوە بەو کارە گوشارێکی زۆرى ئابوورى لەو دۆخە شپڕيوەى نەدارى و هەژارى گەلانى ئێراندا دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەی قوتابیيەكان، چونکە نرخی ئەو جلوبەرگانە زۆر گرانە کە بە ئیجبار دەبێ هەر لە چەند تەولیدی خۆيان  بیكڕن و ئەو جلانە ناهێڵن لە دەرەوە بەرهەم بهێندرێن.

لە بەراوەردی نرخدا لە بازاڕی دەرەوە، ئەو جلانە زۆر هەرزانتر دەکڕدرێن. هەر بۆيه یەكيەتىی پیشەیی مامۆستایان ئەو کردەوەیەی بەرپرسانى پەروەردەی ڕێژيم به چەواشەكارى و دژى فەرهەنگى نەتەوەى كورد دەزانێت و داوا لە قوتابى و بنەماڵەى قوتابييانى خۆشەویست دەکات فریوی ئەو پیلانەى ڕێژيمى ئێران  نەخۆن و تەسلیم نەبن و بە جلی جوانی نەتەوەیی خۆیان لە قوتابخانەکاندا ئامادە بن.

ئەوەش بزانن بەپێی یاسا بەڕێوبەری هیچ قوتابخانەیەک لەسەر نەپۆشينى جلوبەرگی فۆرم ناتوانێت بەرگری لە خوێندنی قوتابیيەكان بکات.

هەروەها داوا لە بنەماڵەکانیش دەکەین تەسلیمی ئەو پیلانەى كاربەدەستانى پەروەرده و بارهێنانى ڕێژيم نەبن.

داوا لە مامۆستايانى قوتابخانەکان دەکەین هاندەری قوتابيیەكان بن بۆ پەرەپێدانی فۆلکلۆری نەتەوایەتیی نەتەوەى كورد له ڕۆژهەڵاتى كوردستاندا و تەسليمى ويسته ناڕەواكانى ڕێژيم له قوتابخانەكانى كوردستاندا نەبن.

يەكيەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئیران

۳ی خەرمانانی ۱۳۹۸