کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکە پیشەییەکان لە شارەکانی کوردستاندایان داخراون یان ناچالاکن

19:06 - 13 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەبوونی بێکاری و نەبوونی کار و پیشە لە شارەکانی کوردستاندا، ئێستا ناچالاکبوونی یەکە پیشەییەکانیش بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ خەڵکی کوردستان.

رۆژی سێشەممه ١٢ی پووشپەڕی ٩٧ی هەتاوی بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنه، لە لێدوانێکدا باسی لە نیوەبوونی پڕۆژەگەلێکی وەک: "شارەکی سەنعەتی سرنجیانه و ناوچەی تایبەتی بانە" کرد کە تەمەنیان دەگاتە ١٦ ساڵ و وتی: زیاتر له ٥٠ %ی یەکە پیشەییەکان لە پارێزگای سنەدا ناچالاکن. ناوبراو هەروەها گوتیشی: بوودجەی پێویست بۆ ئەم پڕۆژانه ١٦ میلیارد تمەنە کە تا ئێستا تەنیا ٤ میلیاردی لە لایەن ڕێژیمەوە بە یەکە پیشەییەکان دراوە. مورادنیا تەنیا ڕێگای چارەسەری کیشەی ئەم یەکە پیشەییانەی خزمەتگوزاری بێبەرانبەر و هەرزان لە لایەن رێژیمەوە ناو برد.

لە لایەکی تریشەوە، "شارەکی سەنعەتیی فەریمانی کرماشان" کە ڕووبەرەکەی ٢٢٠ هێکتارە و بە ژێرخانی پێویست دامەزراوە به هۆی کێشەگەلێکی وەک هاوردەکردنی سەرەڕۆیانە، پرتووکاوبوونی ماشێنەکان، کەمبوونی بوودجه و سەرمایه و هەروەها قەرزداری تووشی داخران بووە.

داخران و ناچالاکبوونی یەکە پیشەییەکان بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی ئابووری و بێکاری خەڵکی کوردستان و ڕێژیمی ئێرانیش به نەدان و تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست بووەتە هۆی چەند قاتبوونەوەی کێشەکانی خەڵک .