کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکە پیشەییەکان لە ئێراندا دادەخرێن

11:50 - 21 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە قەیرانی ئابووری، بووەتە هۆی داخرانی ٩ هەزار ٨٥٠ کارگە و کارخانە لە ئێراندا.

"موحسێن ساڵحی نیا"، جێگری وەزیری پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، لە پرێسکۆنفرانسێکدا سەبارەت بە دۆخی چالاکییەکانی شارەکە پیشەییەکان، وتوویەتی: "٩هەزار و ٨٥٠ یەکەی پیشەیی لە ئێراندا بە مەندی ماونەتەوە."

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، قەیرانی ئابووریی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا، سەرەکیترین هۆکاری داخرانی ئەم کارگە و کارخانانە بووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "محەممەدقولی یووسفی"، ئابووریناس، دانی بەوەدا ناوە کە دۆخی هەنووکەیی ئابووریی ئێران لە سیاسەتە هەڵەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم سەرچاوە دەگرێت.

"یووسفی" هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە دۆخی ئابووری، قەیرانەکەی خستووەتە فازێکی تازەوە، بە شێوەیەک کە کاربەدەستانی ڕێژیمیش ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، تا ڕادەیەک کە تەنانەت هیوا بە تێپەڕین لەو دۆخەش نەماوە.

ئەم ئابووریناسە باسی لەوە کردووە کە کۆمەڵگای ئێران، کۆمەڵگایەکی بەکارهێنەرە و هیچ شتێک بەرهەم ناهێنێت، کەوابوو مەحکووم بە نەمانیشە.

کێشەکانی بەردەم کارگە و یەکە بەرهەمهێنەرەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەیان دابخرێن یان تووشی مایەپووچبوون ببن، هەندێکیشیان ناچارن دەفرایەتیی چالاکییەکانیان بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچوو کەم بکەنەوە کە ئەمە بێکاربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی بەدواوە بووە.

لە لایەکی تریشەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە شۆفیرەکانیش کە کاری گواستنەوەی بارەکان دەکەن، بەم هۆیەوە بێکار دەبن.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، ناڕەزایەتیدەربڕینی شۆفیرەکان و کرێکاران لەهەمبەر دۆخی نالەباری ئابووریی ژیانیان و دەرکرانیان لەسەر کارەکانیان، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە هیچ وڵامێک جگە لە دەستبەسەرکردن و هەڕەشە و تۆقاندنیان وەرنەگرتووە.