کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین سێمیناری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی \"تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان\" بەڕێوەچوو

17:38 - 11 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە درێژەی هەوڵدان بۆ هاوکاریی و کاری زیاتر، سێمینارێکی هاوبەشی لەژێر ناوی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان‌ بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سێمینارێکی تایبەت بۆ باسکردن لە سەر تێرۆر و تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی نوێنەرانی ٥ حیزبی کوردستانی ئێران لە ٤ پانێلی جیاجیادا بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئەو سێمینارە قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە مەبەستەکانی ئەو سێمینارە کورتەیەکی پێشکەش کرد.

لە یەکەمین بەشی ئەو سێمینارەدا، هەرکام لە بەڕێزان محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دوو پانێلیان بەڕێوە برد.

بەڕێز محەممەد نەزیف قادری، سەرەتا بە باسکردن لە هەلومەرجی سیاسی و مەدەنیی کوردستان لە ئێستادا و بە لەبەرچاوگرتنی بزاڤی نەتەوەیی – دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، یەکدەنگی و یەکگرتوویی حیزبەکانی بە پێویست زانی.

قادری لە بەشی دووهەمی قسەکانیدا تێرۆری لە سیستمی کۆماری ئیسلامی بە چەمکێکی هزریی لە قەڵەم ‌دا کە بۆ مانەوە و درێژەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی هەر لەسەرەتاوە باوەڕمەندانە کەڵکی لێوەرگرتووە و کوشتنی جیابیران و دژبەران هەر لە سەرەتای هاتنه سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تا ئێستا هەر درێژەی هەبووە.

دووهەمین کۆڕگێڕی ئەو سێمینارە ساڵح شەریفی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بوو کە سەرەتای باسەکەی بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی بزووتنەوەی گەلی کورد و مەشرووعییەت بەخشین بە تێرۆری موخالیفەکانی خۆی دەسپێکرد و لەوبارەوە کۆمەڵێک خاڵی پێوەندیداری شی کردەوە.

لە کۆتایی یەکەم پانێلی سێمیناری تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی پاش قسەکانی هەر دوو کۆڕگێڕ چەند کەس لە ئامادەبووان پرسیار و تێبینی خۆیانیان باس کرد و دواتر لە لایەن ئەو بەڕێزانەوە وڵامیان درایەوە.

لە پانێلێکی دیکەی ئەو سێمینارەدا، قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێبوار حسێنی ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دوو بابەتی دیکەیان پێشکەش کرد.

قادر وریا لە سەر بە دۆکیۆمێنتکردن و ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی لە تاوانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی قسەی کرد.

ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی کۆمەڵێک تێرۆری تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی باشووری کوردستان لەڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی وتی: بەداخەوە تاوانە تێرۆریستییەکان جیا لەوەی گیانی کۆمەڵێک تێکۆشەر و سەرمایەی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانییان ئەستاندووە، لە سەر پێوەندی نێوان دوو بەشی کوردستانیش کاریگەریی داناوە و خەساری گەیاندووە.

دواتر ڕێبوار حسێنی ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران باسێکی لەژێر ناوی پێویستیی زیندووکردنەوەی کەیسە تێرۆریستییەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی بەڕێوە برد.

حسێنی لە وتەکانیدا‌ تیرۆر و شەهید کردنی کادر و تێکۆشەران و ئەندامانی سازمان و حیزبەکانی کوردستانی ئیران ، نیشتەجێی باشووری کوردستانی بە تایبەتی لە ساڵەکانی ١٩٩١ی زایینی بە برینێکی قووڵ لە جەستەی تاک تاکی خەڵکی کوردستان زانی و بۆ پێشگرتن و لەقاودانی پیلانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی چەندین پیشنیاری خستەڕوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری سێمیناری تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی لەسەر هاوکاریی ئەمنییەتی لایەنەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.