کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین و گەورەترین مانۆڕی سەربازی ناتۆی عەرەبی بەڕێوە دەچێ

14:32 - 11 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، چەند وڵاتی عەرەبی مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش بەڕێوە دەبەن.

لە هەوڵێکی بێوێنەدا هێزی سەربازی چەندین وڵاتی عەرەبی یەکەمین و گەورەترین مانۆڕی هاوبەشی سەربازی لە وڵاتی میسر بەڕێوە دەبەن کە بڕیارە دوو حەوتوو درێژە بکێشێت و تێیدا کەڵک لە هێزی زەوینی، هەوایی و دەریایی وەردەگیرێ.

وڵاتانی بەشدار لەم مانۆڕە سەربازییە کە بە "قەڵغانی عەرەب – ١" ناسراوە بریتین لە: میسر، عەرەبستان، بەحرەین، کوەیت، ئوردون، مەراکێش و لوبنان.

ئەم مانۆڕە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە هەنووکە باسێکی جیددی لەسەر پیکهێنان و دامەزراندنی "ناتۆی عەرەبی" هاتۆتە ئاراوە و تەنانەت وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاندووە کە ساڵی داهاتوو ئەم ڕێکخراوە سەربازییە چالاکییەکانی خۆی بە فەرمی دەست پێدەکات.

بەشیک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە ئەم مانۆڕە زیاتر لەوەیکە بۆ بردنەسەر و نیشاندانی ئاست و توانایی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتانە بێت، هەوڵێکە بۆ یەکخستنی وڵاتانی عەرەبی لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە.