کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەکانی کارگی گوڵخانەیی لە کرماشان لە بەرەبەری مایەپووچیدان

13:15 - 6 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرهەمهێنەرانی کارگی گوڵخانەیی لە پارێزگای کرماشان بە هۆی نەبوونی بودجەی پێویست و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست لە بەرەبەری مایەپووچیدان.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە زاری بەرپرسێکی جیهادی کشاوەرزیی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردووەتەوە کە بەرهەمهێنەرانی کارگی گوڵخانەیی لەو پارێزگایە لە بەرەبەری مایەپووچیدان و بەرهەمهێنانی ئەو کارگە لە ئاستی پارێزگای کرماشاندا بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە.

ساڵانە ٢ هەزار و ١٢٠ تۆن کارگ لە پارێزگای کرماشاندا بەرهەم دێت و ئێستاش زۆربەی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارگ لەو پارێزگایە مەترسی داخرانیان هەیە.

پارێزگای کرماشان، چەندین ساڵە وەکوو بێکارترین پارێزگا لە ئاستی ئێراندا دیاری دەکرێت و کێشەی کار لەو پارێزگایە، چارەسەر نەبووە و بەرپرسانی ڕیژیم بە دروشم زۆرجار بەڵێنی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە دەدەن بەڵام بە کردەوە نەتەنیا چارەسەر نەبووە بەڵکوو هەموو ساڵێک بە ڕێژەی بێکاران لەو پارێزگایە زیاد دەبێت.


هەرچەند کە پارێزگای کرماشان لە بواری سەرچاوە ژێرزەویی و ڕووزەوینییەکان، زۆر دەوڵەمەندە و پوتانسیەلی ئەوەی هەیە کە ببێتە پارێزگایەکی پیشەیی و پڕداهات بۆ خەڵکەکەی، بەڵام ڕێژیمی فاشیستی ئێران هاوشێوەی هەموو شارەکانی کوردستان، بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی داهات، ئەم پارێزگایەشی لە هەژاریدا هێشتووەتەوە.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ٨٠ %ی کۆمپانیا و کارگەکانی کرماشان، داخراون و نەتەنیا هەوڵ نەدراوە بۆ زیاد کردنی کۆمپانیاکان و چارەسەرکردنی کێشەی بێکار بوونیان، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ کەرتی پیشەیی لەو پارێزگایە بەرەو داڕمانی زیاتر دەڕوات.