کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێختلاس لە بانکەکانی کوردستان پەرەی سەندووە

10:59 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەشێک لە بانکەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان لەگەڵ دیاردەی ئێختلاس بەرەوڕوو بوونەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆکارێکی دیکە لەمەڕ نەمانی متمانەی خەڵک بە بانکەکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دزی و ئێختلاس لە بانکەکانی کوردستان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و ڕێژیمیش بۆ پێشگرتن لە دزی و ئێختلاس لە بانکەکاندا پەنای بردووەتە بەر ڕێگای جۆراوجۆر.

لەمبارەوە کارمەندی یەکێک لە لقەکانی بانکی میللەت لە شاری سەقز لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە: یەکێک لەو ڕێگایانە نەقڵ و ئینتیقالی کارمەندەکانە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران؛ سەرپەرەستی و حەراسەتی بانکەکان لەم ڕێگاوە دەیانهەوێت پێش بە دروست بوونی ڕابیتە و نیزیکی لە نێوان کارمەندەکاندا بگرن هەتاکوو کارمەندەکان نەتوانن بە هاوبەشی یەکتری پوڵ و سامانی بانکەکان هەڵلووشن.

ئەم کارمەندە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: سەرەڕای هەمووی ئەم میکانیزمانە و چاوەدێرییە تووندانە لە ڕێگای بازڕەس و حەسابڕەسە ماڵییەکانەوە لە تازەترین حاڵەتی دزیدا کە لە بانکی میللەتی مەرکەزی سەقز ڕویداوە نیزیک بە دوو میلیارد تمەن لە لایەن کارمەندێک بە ناوی "ل،ح"وە ئێختلاس کراوە.

بەوتەی ناوبراو نەمانی ئەمنییەتی ماڵی لە بانکەکاندا یەکێکە لەو هۆکارانەی کە خەڵک پارەکانیان لە بانکەکان دەهێننە دەرەوە و زێڕ و ئەرزی بیانی پێدەکڕن و لە ماڵەکانی خۆیاندا هەڵیدەگرن.

پێشتریش هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕەوشی بانکەکان لە کوردستان وتبووی: بەهۆی ڕاوەستانی بازاڕ و زەرەردێهییەوە بانکەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر لە مایەپوچبوون نیزیک دەبنەوە.