کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەرزترین ئاماری سووتانی لە دنیادا هەیە

11:28 - 3 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئێران لە ئاماری سووتاندا لە ڕیزبەندییەکانی یەکەمدایە و ١٠ هەتا ١٥ لەسەدی سووتاوەکانیش ژنانن.

ڕۆژی ١ی بەفرانبار، محەممەدجەواد فاتمی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوە پێشگرتن لە سووتان، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی حکوومەتی ئیلنا ڕایگەیاند: "دیاردەی سووتان لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرز دەبێتەوە و وڵاتی ئێران ٨ قاتی خەڵکی جیهان زیاتر دەسووتێن".

بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پێشگرتن لە سووتان، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە دەبێت ئەم ئامارە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونکە زۆرێک لە ئامارەکانی سووتان لە ئێراندا تۆمار ناکرێن، ساڵانە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە وڵاتی ئێران تووشی سووتانی قووڵ دەبن و لەم ژمارەیە ٣ هەزار کەسیان دەمرن.

محەممەدجەواد فاتمی، هۆکاری بەرزی ئەم ئامارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە خەڵک گرینگی بە پێشگیرییەکان لە سووتان نادەن، هەروەها نەبوونی کەلوپەلی پێویستی ئاگرکوژاندنەوە لە شوێنە گشتییەکان، قوتابخانەکان، باڵەخانە و ماڵەکاندایە و ئەوانەشی هەیە ستاندارد نییە و سیستەمی ئاگادارکردنەوە و کوژاندنەوەی ئاگریان نییە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندوە: زۆرترین ئاماری سووتان تایبەت بە منداڵانە، کە ڕێژەی٤٠ لەسەدیی ئەم ئامارە پێک دێنن و ژنانیش لەم ئامارە ڕێژەی ١٠ هەتا ١٥ لەسەدی پێک دێنن، کە زۆربەیان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

سەرەڕای بەربڵاویی دیاردەی سووتان، تەختی ستاندارد بۆ سووتراوەکان لە ئێراندا زۆر کەمە، تەنیا ١٣٥٠ تەخت لە وڵاتدا هەیە، کە ئەم ڕێژەیە لە چاو ئامارەکانی سووتان کەمترە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە کە بیمەیەکی گونجاو بۆ سووتراوەکان نییە و کاتێک کەسێکی سووتراو لە نەخۆشخانەدا دێتە دەرەوە، هیچ  کەس و لایەنێک پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێ ناکات، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی کەسە سووتراوەکان ئەوەیە، کە دەرمان وچارەسەریی سووتان زۆر گرانە و لە ئێستادا بڕی ٥ هەتا ١٠ میلیۆن تێچووی هەیە.

کڕینی دەزگایەکی ئالارمی ئاگرکوژێنەوە تەنیا ٤٠ هەتا ٩٠ دۆلار نرخەکەیەتی، لە کاتێکدا چارەسەریی دەرمانی سووتان تێچوویەکی ٢٨هەزار دۆلاری هەڵ دەگرێت.

هەر لەم ڕاستایەدا قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری زاهێدان بە هۆی نەبوونی کەلوپەلی گونجاوی گەرمکەرەوە و ئامرازەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگری گرت کە گیان لەدەست دانی دوو کچە قوتابی لێ کەوتەوە.

هەروەها لە ساڵی ١٣٩١ قوتابخانەی کچانەی گوندی شیناوێ سەر بە پیرانشار، بە هۆی خراپیی کەلوپەلی گەرمکەرەوە و نەبوونی کەلوپەلی پێویستی ئاگرکوژێنەوە ئاگری گرت، کە بە هۆیەوە دوو کچە قوتابیی بە دواوە بوو و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، کە هەتاکوو ئێستا هیچ کەس و لایەنێکی سەر بەڕێژیم بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکی و دەرمانییەکانیان پشتیوانیی لێیان نەکردووە.