کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران تەنیا ٣ لەسەد کاڵا هەناردەی ئورووپا دەکات

19:01 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ساڵی زایینیدا، هەناردەکردنی کاڵای ئێران بۆ ئورووپا بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو، ٩٤ لەسەد و هاوردەکرانی ئێرانیش ٥٤ لەسەد دابەزیوە.

ناوەندی زانیارییەکانی ئابووریی ئورووپا بڵاوی کردووەتەوە، ٢٨ وڵاتی یەکیەتیی ئورووپا سەرەڕای ئەوەی کە کڕینی نەوتی خۆیان لە ئێران ڕاگرتووە، هاوردەکردنی کاڵایان لە ئێران کەم کردووەتەوە.

لەو ٢٨ وڵاتەی ئورووپا، تەنیا ٣ لەسەدیان کاڵای ئێرانی دەکڕن.

لەم پەیوەندییەدا ئەگەر ئورووپا پرسی "نەوت و سوئیفت" گارانتی نەکات، بازرگانی لەگەڵ ئێران هیچ قازانجێکی نییە.

داتاکانی ئاماری گومرۆکی ئێرانیش دەرخەری ئەوەیە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، بازرگانیی نێوخۆیی ئێران لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا نابەرابەر و بە قازانجی ئەو یەکیەتییە بووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم لە ساڵی ٨٦دا، نزیک بە ٣١ لەسەدی کاڵاکانی ئێران لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە، ساڵی ٩٣، ١٤ لەسەد و ساڵی ٩٦ گەیشتووەتە ٢٠ لەسەد.

لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا، هەناردەکردنی ئێران بۆ ئورووپا بڕی ٢٠ میلیارد دۆلار نەبووە.

بەپێی ئەو ئامارانە پەیوەندی بازرگانیی ئێران لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا بە هیچ مەزەندە دەکرێت و سەرجەم بازرگانییەکە بە سوودی ئورووپا بووە.

دابەزینی ئاستی بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئورووپا لە ئێستادا بەپێی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئێران، دوورەدیمەنێکی باش بۆ داهاتووی ئابووریی ئێران بەدی ناکرێت.