کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دوای "وێنێزۆئێلا" کەمترین گەشەی ئابووریی لە جیهاندا دەبێت

11:53 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕاگەیاندووە کە گەشەی ئابووریی ئێران لە ئەمساڵدا دەگاتە مەنفی ٩.٥ لەسەد و ئێران دوای "وێنێزۆئێلا" کەمترین گەشەی ئابووریی لە جیهاندا دەبێت.

سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر بڵاوی کردەوە، پیشبینیی کردووە کە گەشەی ئابووریی ئێران لە ئەمسالدا دەگاتە مەنفی ٩.٥ لەسەد.

ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە کە دورەدیمەنی ئابووریی جیهان تاوتوێ دەکات، دەڵێت: "گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا مەنفی ٤.٨ لەسەد بووە و لە ساڵی داهاتوودا دەگاتە سیفر لەسەد".

وردەکارییەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو نیشانی دەدات کە ئێران دوای "وێنێزۆئێلا" کەمترین گەشەی ئابووریی لە جیهاندا دەبێت.

ئەم ناوەندە نرخی هەڵاوسانی لە ئیراندا بۆ ئەمساڵ ٣٧.٥ لەسەد پێشبینی کردووە، لە حاڵێکدا  بانکی جیهانی نرخی هەڵاوسانی لە ئێراندا ٣٨.٣ پێشبینی کردووە.

ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە ڕایگەیاندووە کە ئێران  دوای وڵاتانی "وێنێزۆئێلا" و سوودان زۆرترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە جیهاندا هەیە.

سندووقی نێونەتەوەیی دراو هەروەها ڕێژەی بێکاریی لە ئێراندا بۆ ساڵی ڕابردوو ١٤.٥ لەسەد نرخاندووە و ئەم پێوەرەی بۆ ئەمساڵ ١٦.٨ لەسەد و ساڵی داهاتوو ١٧.٤ لەسەد هەڵسەنگاندووە.

ڕاگەیاندنی دورەدیمەنێکی زۆر لاواز لە ئابووریی ئێران لە لایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لە سەقامگیریی ڕێژەیی ئابووری دەکەن.

دوای سەپاندنی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی داڕماوە و زۆربەی کۆمپانیا و وڵاتانی جیهان لە بازاڕەکانی ئێراندا کشاونەتەوە.