کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران سەرشۆڕترین وڵاتی جیهان لە بواری ژینگەیه

19:07 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری مەشهەد وتی: "ئێران سەرشۆڕترین وڵاتی جیهان لە بواری ژینگەیه".

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای هێرشێکی توند بۆ سەر بەرپرسانی ئێران لە بواری ژینگەدا، رایگەیاند کە وڵاتی ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی سەرووی ١٠٠ی هەیە و ئەوەش قەیرانێکی حاشا لێ نەکراوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کرد کە لە ئێراندا تەنانەت، کەس بوێریی ئەوەی نیه کە پێوەری ڕاستەقینەی ژینگەی ئێران لە جیهاندا بڵێت و ئەوەش خۆی گەورەترین زوڵمە کە ئێمە لە ژینگەی خۆمانی دەکەین.

کەلانتەری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە قەیرانەکانی ژینگەی ئێران وەک داتەپینی خۆڵ کرد کە ئەو وڵاتە زیاترین پێوەری داتەپینی خۆڵی لە جیهاندا هەیە؛ هەروەها دانی بەوە دانا کە لە ئێرندا ئاو و گیاوگۆڵ، بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر لەناو دەچێت و دیسانیش ئێران پلەی یەکەمی لەو بارەیەدا هەیە کە ئەوەش هیچ شانازییەک نیه.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی لە قسەکانیدا وتوویەتی، سەرجەم بەرپرسانی ئێران و هەروەها دادوەرەکانی دەزگای قەزاییش لەو بارەیەوە تاوانبارن.

بە وتەی "عیسا کەلانتەری"، ٧٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لەگەڵ کێشەی کەمئاویی بەرەوڕوون و دۆخی ژینگەی ئیران بە ٧ هەزار کارمەند سەروبەر نابێت.

ناوبراو لە بارەی کانگاکانی ئێراندا باسی لەوە کرد کە بەرپرسان بە شێوەی یەکجار مەسرەف کەڵک لە کانگاکان وەردەگرن و بێ ئەوەی کە بەهرەبەردارییەکی دروستی لێ بکەن، لە کانگایەکی دیکەدا دەست بەکار دەبەن.

هەرەوەها لە بواری بەنداوسازیدا باسی لەوە کرد کە ئێمە لەسەر هەموو ڕووبارەکانی وڵاتدا بەنداومان دروست کردووە، ئەویش بێ ئەوەی کە مافی زیندوومانەوەی وڵات لەبەرچاو بگرین و زۆربەی گۆلی ئاوەکانی وڵات بەو هۆیەوە وشک بوونە.

لەو پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر ، بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدئۆییەکدا لە پەیجی فەرمیی خۆی، پیشنیاری بە خەڵکی ئێران کرد، کە تکنولۆژییەکانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەریی قەیرانی ئاو و پاڵاوتنی ئاوەڕۆ بە خەڵکی ئێران دەدا،  بەڵام عیسا کەلانتەری هێرشی کردە سەری.

"عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ڕوو لە قسەکانی "بێنیامین نێتانیاهوو" بۆ چارەسەریی قەیرانی کەمئاوی لە ئێراندا، هێرشی کردە سەر ناوبراو و وتی: "نێتانیاهوو غەڵەت دەکات، ژینگەی ئێران چ ڕەبەتی بە نێتانیاهوووە هەیە؟"

کەمئاوی لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیرانیتر دەبێت و هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە پرۆژە ئاوییە ناکارناسانە و سیاسەتە فاشیستییەکانی ئەو ڕێژیمەیە، کە دەیەوێت ناوەندی ئێران کە بیاوانە و قەیرانی ئاوی هەیە، بە تاڵانکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکانی دیکە بەتایبەت کوردستان، چارەسەر بکات.