کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری سانسۆری ڕاگەیاندنەوە، حەوتەمین وڵاتی جیهانە

12:09 - 20 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەوانان، لە نێوان ١٠ وڵاتی گەورەی سانسۆرچیدا، ئێران لە ڕیزی حەوتەمدایە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی خەرمانان، کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەوانان، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لەبارەی سانسۆری میدیاکان لە جیهاندا، ڕیزبەندێکی بڵاو کردەوە کە ١٠ وڵات خراپترین و زۆرترین بەربەستیان بۆ میدیاکان و میدیاکاران داناوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، "ئیریترێ" لە بواری سانسۆری میدیاکانەوە کە لە لایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەوە ئەنجام دەدرێت لە پلەی یەکەمدا جێی گرتووە و بە دوای ئەودا وڵاتانی "کۆرەی باکوور و تورکەمەنستان" لە پلەکانی دووهەم و سێهەمی ئەم ڕیزبەندەدا جێیان گرتووە.

عەرەبستانی سعوودی، چین، ویەتنام، ئێران، گینەی ئوستوایی، بڵاڕووس و کوبا لە پلەکانی دیکەی ئەم ڕیزبەندەدا جێیان گرتووە.

کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەوانان لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئەو ١٠ وڵاتەی تۆمەتبار کردووە کە ستانداردە نێونەتەوەییەکانی دەربڕینی ئازادییان پێشێل کردووە و بە ترساندنی هەواڵنێرەکان لە ڕێگای زیندانیکردنیانەوە، میدیاکانیان کردووە بە وتەبێژی خۆیان و هەروەها هەواڵنێرە سەربەخۆکانیان لە وڵاتی خۆیان دوور خستووەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە چەندین وڵات، کە یەک لەوان ئێرانە، لە ڕێگای زیندانیکردنی هەواڵنێران، ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەکانیان و چاوەدێریکردنی ئەمنییەتی بە شیوەی دیجیتاڵ و فیلتێرکردنی ئینتێرنێت بۆ بێدەنگکردنیان، کەڵکیان وەرگرتووە.