کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە پلەبەندی بازڵ وەلانرا!

12:12 - 21 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی جیهانی بازڵ سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە بە بێ ناوی ئێران بڵاو کرایەوە.

دامەزراوەی جیهانی بازڵ کە ناوەندەکەی لە وڵاتی سویسە، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ڕیسکی سپیکردنەوەی پارە لە وڵاتانی جیهاندا ناوی ئێرانی نەهێناوە کە هۆکارەکەی بریتی بووە لە نەبوون و کەمیی زانیاری پێویست بۆ پۆلێن کردنی ناوی وڵاتەکان.

ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای دوو ستاندارد و پێوەر دادەڕێژرێت کە بریتین لە: خەبات لەدژی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی کەرتی ماڵی تێرۆریزم؛ هەروەها چەند پێوەری وەک گەندەڵی، یاساسالاری و شەفافیەتیش لە داڕشتنی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراودا دەور دەگێڕن.

لە نوێترین  پۆلێنبەندی کە لە نێوان ١٢٩ وڵاتی جیهاندا ئەنجام دراوە، ١٠ وڵات کە یەکێکیان ئێرانە بەهۆی کەمیی زانیاری وەلانراون؛ هەروەها ترینیداد و تۆباگۆ دوایین پلەکانیان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە و وڵاتانی فەنلاند، ستۆنی، لیتوانی، نیوزیلەند، مەقدونیە، بولغارستان، سلۆونی و سۆئێد پلەکانی یەکەم تا هەشتەمیان دەستەبەر کردووە.

لە ڕاپۆرتە پێشووترەکانی ئەم ناوەندەدا ئێران بەردەوام پلەی یەکەمی لەباری سپیکردنەوەی پارە هەبووە؛ یەکێک لە هۆکارەکانی ملنەدانی بانکە ئورووپاییەکان بۆ زیادکردنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، گوماناوی بوونی هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕیسکی زۆری سپیکردنەوەکانە.