کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ ئاوی، هەڕەشە لە ئێران دەکات

12:21 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئێران لەگەڵ کێشەی جیددیی ئاو بەرەڕوویە و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بۆ چارەسەریی کێشەی بێ‌ئاوی کێشەکەی قووڵتر کردووەتەوە.

بەپێی نوێترین بەراوردەکانی ''دامەزراوەی سەرچاوە ئاوییەکانی جیهان"، چوار وڵاتی ئێران، ئیسرائیل، قەتەر و لوبنان، لەگەڵ کێشەی زۆر جیددیی ئاو بەرەوڕوون و ئەگەری هەیە ئاو لە ئێراندا کۆتایی پێ بێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ١٧ وڵاتی جیهان کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە، لە خراپترین دۆخی بێ ئاوی دان.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرته، ئێران ناتوانێت بۆ دابینکردنی ئاو، هیوای بە وڵاتانی دراوسێی هەبێت، چونکە خۆیان بێ ئاون.

خەسارەکانی کەم ئاوی، خراپترین قەیرانە کە دەبێتە هۆی نائەمنیی غەزایی، ناسەقامگیریی ئابووریی، شەڕ و کۆچبەری.

پسپۆڕانی ژینگە لەمەڕ کێشەی بێ‌ئاوی لە ئێراندا هۆشدارییان داوە کە کەڵک وەرگرتنی بێ‌سنوور و ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوینییەکان و گۆڕینی جوغرافیای سروشتی بەهۆی گەڵاڵەکانی ڕێژیم، بۆ وێنە سازکردنی بەنداوەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ئارای ئەم دۆخەن.

دۆخی کەمئاوی لە ئێراندا هێڵی قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە تا چەند ساڵی دیکە ئێران دەبێتە بیابانێکی ڕووت و وشک.