کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران وێڕای فەرامۆشکردنی هێرشەکانی خۆی، هێرشەکەی تورکیە بە دەستدرێژی ناو دەبات

12:01 - 20 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی دەستدرێژیکەری ئێران لە چەواشەکارییەکدا باسی لە دەستدرێژی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژاوا کردووە و وتوویەتی ئێمە بڕوامان بەم دەستدرێژییە نییە.

"محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تورکیە بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنییەتی دەبێ هێرشی لەو چەشنە بکات، هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوای وەکوو دەستدرێژی ناو بردووە و وتووویەتی ئێمە بڕوامان بەم شتە نییە.

قسەکانی "زەریف" سەبارەت بە دەستدرێژی و هێرش بۆ سەر کوردستان لە حاڵێکدایە کە خودی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەکێک لە سەرەکیترین ڕێژیمەکانی پێشێلکەری خاک و سەرەوەریی وڵاتانی دیکە بە ئەژمار دێت .

تۆپبارانە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و کوردستانی باشوور و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٧ی خەرمانای ساڵی ٩٧ و هەروەها هەناردەکردنی چەکوچۆڵ و پێداویستییەکانی گرووپە توندئاژۆ و شەڕانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، نموونەگەلێکی بەرچاو و دیار لە دەستدرێژی و دەستێوەردانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر نەتەوەی کورد و وڵاتانی دیکە بە ئەژمار دێت.