کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پێویستی بە فرۆشی نەوت بە نرخی ١٠٠ دۆلار هەیە

11:10 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانە ماڵییەکانی، پێویستی بەوە هەیە کە نەوت بە نرخی ١٠٠ دۆلار بفرۆشێت.

لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سندووقی نێونەتەوەیی دراو وێڕای ئاماژەکردن بە گەڕانەوەی تەحریمەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی کە کەرتی نەوتیش یەکێکە لە جمگەکانی پێشبینی کردووە کە ئێران دەبێ هەر بەرمیل نەوت بە ١٠٠ دۆلار بفرۆشێت تاکوو بتوانێ بەرەوڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر بڵاوی کردۆتەوە هاتووە بەسەرنجدان بەوەیکە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دابەزیوە ئەم وڵاتە پێویستی بەوە هەیە کە هەر بەرمیل نەوتی خۆی بە ١٠٠ دۆلار بفرۆشێت تاکوو بتوانێ بەرەوڕووی قەیرانەکان ببێتەوە و دەستی بە بودجەیەکی هاوسەنگ ڕابگات؛ پێشبینی پێشووتری ئەم نیهادە نەوتی ٦٥ دۆلار بوو.

سندووقی نێونەتەوەیی دراو پێشبینی کردووە کە تەحریمەکان بوونەتە هۆی بچووکتربوونەوەی ئابووریی ئێران بەڕێژەی ١/٥% لە ساڵی ٢٠١٨ و ساڵی داهاتووش ٣/٦% بچووکتر دەبێتەوە.