کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانییەک لە ئامریکادا بە تاوانی گواستنەوەی نایاساییی پارچەکانی مووشەک حوکمی بۆ بڕاوەتەوە

15:14 - 1 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە دۆزگرانی ئامریکا، ئێرانییەکیان بە هۆی گواستنەوەی نایاساییی پارچەکانی مووشەک بە تاوانبار ناساندووە.

بازرگانێکی ئێرانی، تەمەن ٥٦ ساڵە بە تاوانی گواستنەوەی نایاساییی کەرەستە بەکارهێنراوەکان لە مووشەکدا و هەروەها پارچەکانی مووشەک بۆ ئێران، لە لایەن دۆزگرانی فیدراڵ لە شیکاگۆی ئامریکا بە تاوانبار ناسێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشیتدپرێس، ئەم بازرگانە ئێرانییە کە شوناسی بە سەعید وەلەدبەیگی ڕاگەیەندراوە، لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیدا لە هەوڵی ئەوەدا بووە، کە بە شێوە نایاسایی لوولەی ئالۆمینیۆمی کە لە پیشەی مووشەکسازی کەڵکی لێ وەر دەگیردرێت، لە ئیالاتی ئیلینۆیز ئامریکاوە و لە ڕێگای وڵاتانی بلژیک و مالێزی بۆ ئێران بگوازێتەوە، کە لە سزانامەکەی ناوبراودا ئاماژە بە هەشت تاوان کراوە.

ئەم تاوانبارە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە حوکمی بۆ دەرکراوە، تاوانەکانی لە پێوەندیی لەگەڵ دۆسییەی بازرگانێکی بلژیکی بە ناوی "نیکۆلاس کیگا" ئاشکرا بووە، کە بە تاوانی کڕینی لوولەی ئالۆمنیۆمی بۆ ئێران بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کراوە، بەڵام لە ئێستەدا سەعید وەلەدبەیگی هەڵهاتووە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ئامریکا بە دوایدا دەگەڕن.