کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعتراز و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە ئێران بەردەوامن

12:36 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەل بەردەوامی ئیختلاس و تاڵانکارییەکانی ڕێژیم و بەفیڕۆدانی سامان و داهاتی گەلانی ئێران، خەڵکی ناڕازی بە شێوازی جۆراوجۆری وەک مانگرتن، ڕێپێوان، نووسینی درووشم و دڕاندنی بەنێرەکانی خومەینی و خامنەیی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن.

بەپێی دوایین هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە حاڵێکدا کە ڕێژیم لە ئاستی سیاسەتی دەرەکیدا تووشی شکستێکی هەست‌‌پێکراو بووە و هەر ڕۆژەو کۆمپانیایەک و بانکێکی جیهانی لە ئێران دوور دەکەوێتەوە و هاوکات ئیختلاس و تاڵانکارییەکانی ڕێژیم بەردەوام لە پەرەسەندندایە، دۆخی نێوخۆییش بەردەوام ئاڵۆزتر دەبێت.

مستەفا کەواکێبیان بەناو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: من خەجاڵەت دەکێشم کە بڵێم پشتیوانیم لەم دەوڵەتە کردووە؛ شەو دەنووم، بەیانی کە هەڵدەستم سەیر دەکەم نرخەکان گۆڕاون.

هاوکات لەگەڵ ئەم قسانە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ڕۆژانی ڕابردوو و بەچەندین شێواز بێزاری خۆیان لە رێژیم دەربڕیوە؛ لە شاری تەورێز لاوانی وەزاڵەهاتوو بە دڕاندنی بەنێری تەبلیغی خومەینی کە لە پردی کەسایی هەڵواسرابوو و هەروەها نووسینی درووشمی مەرگ بۆ خامنەیی و لەعنەت لە خومەینی ئەوپەڕی بێزاری خۆیان لە دۆخی داسەپاو بەسەر وڵاتەکەیان دەربڕی.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 23ی جۆزەردان ژنێکی ناڕازی لە شاری تاران لە پێش چاوی خەڵک و بێ‌هیچ ترسێک باس لە خەیانەتەکانی ڕێژیم دەکات و درووشمی مەرگ بۆ خامنەیی دەدات کە جێگەی سرنجە.

هەر هەمان ڕۆژ کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی ناڕازی لە شاری هەمەدان لەهەمبەر سیاسەتە ئابوورییەکانی رێژیم و پرسی گرانی لەبەردەم چەندین ناوەندیی فرۆشی کەلوپەل و خواردەمەنی و فەرمانداری شارەکەیان کۆبوونەوە و لەهەمبەر گران بوونی ڕۆژانە و بەردەوامی پێداویستییەکانی ژیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە درێژەی تووڕەیی خەڵک لەهەمبەر تێرکردنی خەڵکی غەزە و فلستین بە پارە و داهاتی خەڵکی ئێران، لاوانی شۆڕشگێڕ بە لەنێوبردنی سندوقەکانی کۆمیتەی ئیمدادی خومەینی بێزاری خۆیان دەربڕیوە.

کۆی ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکاتن لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی نرخی ئەرزی ئێران بەچەشنێک کە ماڵپەڕی "faxssi" ڕایگەیاندووە ریاڵ یەکێک لە ١٠ دراوی بێ‌بایەخی جیهانە.