کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمە و سیاسەتیی ئامریکا و ڕۆژئاوا لە کەوانەیەکدا

17:06 - 9 جۆزەردان 2719

سندووس

سەردانی ئەم دواییانەی دانڵد تڕامپ بۆ ژاپۆن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە و لێدوانەکەی کە فەرمووبووی: سیاسەتی ئێمە گۆڕانیی دەسەڵات لە ئێران نییە و ئێران هەر بەم ڕێبەرانەش دەتوانێ ببێ بە وڵاتێکی بەهێز و ... .

ئەم لێدوانەی تڕامپ کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەشی زۆری لێکدانەوەکان، باس لەوە دەکەن کە ئەم قسانەی تڕامپ وزەی بە بەر لەشی نیوەگیان و تا ڕادەیەک مردووی کۆماریی ئیسلامیدا کردەوە و ئەم وردە فەرمایشتانە تا ڕادەیەکی زۆر پەردەی لە سەر پێرسوێنای سیستمێک لادا کە دەیان ساڵە بیرمەندان و خاوەن ئەندێشەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە پەڵەیەکی نەنگی دەزانن بۆ کۆمەڵگای بەشەری.

قوتابخانەی فڕانکفۆرت و بیرمەندە بەتواناکانی، هەر لە ورکهایمێرەوە بگرە تا دەگاتە یۆرگین هابێرماس، بە تووندی دژی عەقڵانییەتی ئامرازی ئەم سیستمە کاریان کردووە و بە گژیدا چوونەتەوە، لەم نێوەدا هابێرماس باسی دوو جۆر عەقڵانییەت دەکات:

۱- ئامرازی

۲- ڕەخنەیی - کلتووری

هەر ئەو دەڵێ:

 تەواوی پۆتانسێلەکانی ڕەوت و فەلسەفەی لیبڕاڵی بەم شێوە بیرکردنەوە ئامرازێکە، نەک هەر هیچی پێناکرێ، بگرە کارەساتی زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە. کەڵەکەی سەرمایە بە هەر نرخێک، ئاکامیی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەیە.

لە کاتی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بەپێی ساتوسەودایەک کە دەوڵەتی ئۆتریش دەگەڵ دەسەڵاتی مەلایان ئەنجامیدا، قاتڵەکان بە جلوبەرگی خوێناوی و بە فڕۆکەی تایبەت بەرەو تاران گەڕانەوە.

دوای شەهیدکردنی دوکتور سەعید و هەڤاڵانی و کشانەوەی هەموو دیپلۆماتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، هێندەی پێنەچوو کە هەر ئەم دیپلۆماتکارانە بە بڕێک کەمتر گەڕانەوە ئێران و دوای ساتوسەودای زۆر، کازم دارابی لە ڕۆژی مافی مرۆڤی جیهانیدا ئازاد و بەرەو تاران گەڕاوە!!

لە بیرمانە کاتێ بەرجام لە دەوڵەتی پێشووی ئامریکادا واژۆ کرا، جان کێری وەک وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە سەردانێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی کرد و لە ڕاستیدا هەڵگری سێ پەیامی سەرەکی بوو بۆ ئەم ۆڵاتانە:

۱- بەرجام لە دژی ئێوە نییە

۲- ئێوە وەک دۆست و هاوپەیمان بە لای ئێمەوە چاوتان لێدەکرێ و دەمێننەوە

۳- چەندی چەکوچۆڵتان پێویست بێ پێتان دەفرۆشین!!

هەر لەم سەردانەدا بایی دەیان و بگرە سەدان میلیارد دۆلار چەک و تەقەمەنی بە وڵاتانی عەرەبی فرۆشرا و ئەم ناوچەیان لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا زیاتر کردە ئەنباری باڕووت. ئەم فیشک و ئامرازە شەڕییانە ناکرێن بە چەپکەگوڵ، بە ڕووی خەڵکدا، بەڵکوو داهاتووی ئێمەی پێ لێڵ و لێڵتر دەبێ و چارەنووسی ئەم ناوچەیەش نادیارتر.

 بە درێژایی سەدەی ڕابردوو و ئەم چەند ساڵەی ئەم سەدەیەش ئەم عەقڵانییەتە کۆمەڵگای بەڕێوەبردووە، بۆیە هیچکات ئۆخەی بەسەر زار و زمانیی کەسدا نەهاتووە.

ئاکامی بۆچوونەکەی ئێمە ئەوەیە کە ئامریکا و ڕۆژئاوا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا سیاسەت دەکەن و مەبەستی یەکەمیشیان کەڵەکەی سەرمایە و هەرزانترکردنی مادەی خاو و سەرچاوە ژێرزەوییەکانە نەک گەشەی سیاسی، کەوابوو هەموو هێزە ئازادیخوازەکان بۆ گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەت و دەسەڵاتدا دەبێ پشت ئەستوور بە کۆمەڵانیی وشیاری خەڵک بن و هەر ئەم هێزەشە کە نەیارانی ئازادی زەندەقیان لێی چووە؛ کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت ئاوارتەی ئەم ڕێسایە نییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.