کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێنترناسیووناڵ سوسیالیست دەستدرێژییەکانی تارانی مەحکووم کرد

11:51 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی ئێنترناسیووناڵ سوسیالیست لە ڕاگەیەندراوێکدا، سنووربەزاندن و هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٠ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، ڕێکخراوی ئێنترناسیووناڵ سوسیالیست، لە دووتۆی ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر بنکە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدکـ)ـی مەحکووم کرد و بە سنووربەزاندن و دەستدرێژیەکی ئاشکرای زانیوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی دژەگەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هاوێشتنی چەندین مووشەک، هێرشی کردە سەر بنکە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەمالەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە بەو هۆیەوە چەندین کەس لە کادر و پێشمەرگە و هەروەها  ڕێبەریی ئەو حیزبانە شەهید کران و بە دەیان کەسیش بریندارن کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

پاش ڕوودانی ئەو هێرشە مووشەکییە، کەسایەتی و لایەنە کوردستانی و بیانییەکان ئەو کردەوە قێزەونانەی ڕێژیمیان مەحکووم کردووە و ئەو جۆرە دەسترێژییانەیان بە پێناسەی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم داوە.