کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێکسپرێس: کۆماری ئیسلامی دەستی باڵای هەیە لە جینایەت دژ بە مرۆڤایەتی

12:00 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بڵاڤۆکی "ئێکسپرێس"بە پشت‌بەستن بە نوێترین لێکۆڵینەوەی بڵاوکراوەی "لێبوردنی نێونەتەوەیی" ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی دەستی باڵای هەبووە لە "جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی".

بڵاڤۆکی بەناوبانگی "ئێکسپرێس" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە "لێبوردنی نێونەتەوەیی" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ڕێکەوتی ٤ی دێسامبر لە ٢٠١ لاپەڕەدا بە ناونیشانی "ڕازە خوێنینەکانی ئێران: بۆچی کوشتارەکانی ئێران لە زیندان لە ساڵی ٦٧ جینایەتی بەردەوام دژ بە مرۆڤایەتییە؟" بڵاو کرایەوە، باسی لە کوشتاری هەزاران زیندانیی سیاسی کردووە کە لە نێوان ژوئییە تاکوو سێپتامبری ١٩٨٨ بەنهێنی و بە بێ تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان ئێعدام یان بێسەروشوێن کران.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەم کەسانە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردرانەوە؛ لەو کاتەوە تاکوو ئێستە لێپرسراوانی رێژیمی تاران وەک کۆمەڵێک ڕاز، بەرخوردیان لەگەڵ کەیسەکە کردووە و هیچ کات ئامادە نەبوون سەبارەت بەو بابەتە قسە بکەن؛ تا ئێستەش ڕوون نییە کە ئەو کەسانە بۆچی و چۆن ئێعدام کران و بە شاردنەوەی شوینی بەخاک سپاردنیان بنەماڵەکانیان ئازار دەدەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ئەزموونی بەشێک لە زیندانییانی سیاسی پێشوو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە و هەروەها ئاماژە بە داواکارییەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە وتوویانە: فریای بنەماڵە و کەسوکاری بەجێماوی کوژراوەکان بکەون.

لە کۆتاییشدا هاتووە: ئێمە پێمان وایە ئەم مەسەلە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٦٧ە کە هیچ کات، هیچ کام لە بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم جینایەتە سزا نەدران یان نەخرانە بەردەم لێکۆڵینەوە و دادگایی کردن.