کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەدیبێکی ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

18:04 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دوکتور "محەممەدساڵح ئیبراهیمی" یەکێک لە ئەدیبانی ناوداری کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران پێتەختی ئێران، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە دنیای قەڵەم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوکتور "محەممەدساڵح ئیبراهیمی" ناسراو بە "شەپۆل"؛ وەڕگێر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد چاوی بە دنیا هەڵێنا.

مامۆستا شەپۆل ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی، هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نوسراوەی لە بابەت کلتور و زمانی کوردی پێشکەشی کۆمەڵگەی کوردی کرد و هەتا ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.

مامۆستا شەپۆل وەک ئاواتێک بۆ دەرخستنی گۆڤارێک بە زمانی زگماک توانی دوای هەوراز و نەشێوێکی زۆر گۆڤاری "گرشەی کوردستان" دابمەزرێنێ و لە ٩ مانگدا ٩ ژمارەی ئەم گۆڤارەی چاپ و بڵاو کردەوە.

مامۆستا شەپۆل ٣٥ بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن بۆ زمان و وێژەی کوردی.

ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی مامۆستا شەپۆل بریتیین له: "وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی، ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی ڕابەری کەبیری کورد، گەنجینەی فەرهەنگ و زانست، زانایانی کورد، کۆبانی، باوی کۆمەڵایەتی و ژنانی کورد لە مێژوودا".

مامۆستا شەپۆل ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی له تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیار وایه له شاری مەهاباد زێدی خۆی به خاک بسپێردرێ.