کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ڕێژیمی ئێران مانۆڕێکی نیزامیی بەڕێوەبرد

12:29 - 17 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ئەرتشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بەشداریی بەرپرسانی نیزامیی پلەبەرزی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێدا، مانۆڕێکی نیزامیی بەڕێوەبرد.

مانۆڕی "غەیرە مۆتەرقبه"ی هێزی زەوینیی ئەرتشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بەشداری پاسدار "ڕەحیم مووسەوی"، لە ورمێدا بەڕێوەچوو.

ئەو مانۆڕە بە بەشداریی یەگانەکانی دژکردەوەی خێرا، جووڵەی هێرشبەرانە و پشتیوانیی هێلیکۆپتێرەکانی "هەوانیروز"، لە شوێنە گشتییەکانی ورمێدا بەڕێوەچووه.

بەڕێوەبردنی مانۆڕی جۆراجۆری نیزامی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لەژێر ناوی جۆراجۆر لە کوردستاندا، ماوە بە ماوە بەڕێوەدەچێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنە سەردانی شاخەکانی کۆساڵانی کرد و باسی لەوە کرد کە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر جووڵەیەکن.

کارناسانی نیزامی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت لە کوردستاندا فەزایەکی ترس و تۆقێنەر دروست بکات و هاوکات هێزی بەرگریی خۆی بە دژبەرانی پیشان بدات.