کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران خۆی بۆ شەڕ و هێرش ئامادە دەکات

11:05 - 18 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەگانەکانی به یەگانی "متحرک هجومی" و "واکنش سریع" تەیار کردووە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری پاسداری ڕێژیم "کیومەرس حەیدەری" بڵاویان کردووەتەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا به بڕیاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم ئاڵوگۆڕ لە ئەرتەشدا پێکهاتووە و یەگانەکانی به یەگانی "متحرک هجومی" و "واکنش سریع" تەیار کردووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران، ئێستاکە یەگانەکانی ئەرتەش بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو چالاکترن و کارایی زیاتریان هەیە.

هێزی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەتا ئێستا بە شێوەی نیابەتی و شەڕی نیابەتی لە وڵاتانی دراوسێدا شەڕی کردووە و دەکات.

ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی، بە ناوی موستەشار بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە کرد.

ئەمیرعەلی ئاراستە جێگری هاوئاهەنگکەری هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگەیاند، تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە، بە ناوی موستەشار بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە دەکرێن.

ئەو بەپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گوتبووی کە تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی نوهد کە بەشێک لە هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێرانە، بۆ شەڕی نێوخۆیی سووریە بەڕی دەکەن.

تیپی ٦٥ی هێزە تایبەتییەکانی هەوابۆردی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران (نوهد) ناسراو بە کڵاو کەسکەکان ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، دامەزراوە.