کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد

12:18 - 28 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، وێڕای ئاماژەدانێکی چەواشەکارانە به یەکیەتیی نێوان سپای پاسداران و ئەرتەش، هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلی کرد.

عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لە ئاخافتنێکی پڕ لە چەواشەدا وێڕای باس کردن لە سەر یەکیەتیی نێوان سپای پاسداران و ئەرتەش، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی: ئێمە دەست لە براکانی خۆمان لە سپادا هەڵناگرین تا کاتێک که هێزی ئامریکا سەرکوت بکەین و ڕێژیمی نەحسی ئیسرائیل لە سەر پەڕەی ڕۆژگار بسڕدرێتەوە.

ناوبراو لە قسەکانیدا به بەلاڕێدابردنی باسەکان سەبارەت به زۆربوونی بوودجەی سپا لە چاو بوودجەی ئەرتەش، دووبەرەکینانەوە لە نێوان سپا و ئەرتەشی به "گەورەترین ئامانجی دوژمنانی خۆیان" ناو برد و وتی: "دوژمنان به هەموو تواناوە ئەیانەوێ لە نێوان سپا و ئەرتەشدا ناکۆکی درووست بکەن، بۆ نموونە لە دنیای مەجازیدا بڵاویان کردووەتەوە کە بۆچی لە نێوان بوودجەی ئەرتەش و سپادا جیاوازی هەیە".

ناوبراو دواتر به بێڕێزییەوە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی: ئێستکباری جیهانی به سەرۆکایەتیی ئامریکای جەنایەتکار، رێژیمی نەحسی سەهیۆنیستی، مونافقە ڕوڕەشەکان که خراپتر لە داعشن دەبێ تێبگەن که نەتەوەی گەورەی ئێران دەست لە ئیسلام هەڵناگرێت."

قسەکانی مووسەوی سەبارەت به هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل لە حاڵێکدایە که هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەم رێژیمە لە حەوتووی ڕابردوودا باسیان لەوە کردبوو که هیچ بەرپرسێکی ئەم ڕێژیمە هەڕەشەی لەناوچوونی لە ئیسرائیل نەکردووە و هەڕەشە ناکات.