کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەوتی "شانەدەر"، کۆنترین شوێنی ژیانی مرۆڤ

13:08 - 13 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: گرووپێکی ئاسەوارناسیی زانکۆی "کەمبریجـ"ـی بریتانیا، لە قووڵاییەکانی ئەشکەوتی مێژوویی "شانەدەر"دا، ئاسەواری مرۆڤێکی "نێئاندێرتاڵـ"ـیان دۆزیوەتەوە.

"عەبدولوەهاب سلێمانی"، سەرۆکی میراتی کولتووریی "سۆران" ڕایگەیاندووە: "ئێسک و ئاسەواری پەراسووی نێئاندێرتاڵێکمان دۆزیوەتەوە کە پێشتر "ڕاو سلووکی"، بەرپرسی گرووپی زانکۆی کەمبریج، لێکۆڵینەوەی لەسەر کردبوو.

لە لێکۆڵینەوەی پێشتری "سلووکیـ"ـدا،  "سەر"ی ئەو "نێئاندێرتاڵـ"ـەیان دەرهێنابوو کە ئێستا لە مووزەی شوێنەوارە مێژووییەکانی سۆران ڕاگیراوە، بەڵام بە ۆی هەبوونی بەردێکی گەورە لەسەر ئێسکەکانی ئەو "نێئاندێرتاڵـ"ـە، نەتواندراوە بە تەواوی بیهێننە دەرەوە.

بەرپرسی میراتی کولتووریی سۆران وتوویەتی: "هەتا ئیستا ئاسەواری ١٠ مرۆڤی نێئاندێرتاڵ"لە ئەشکەوتی شانەدەردا دۆزراوەتەوە".

"سلێمانی" هەروەها وتوویەتی: "ئەو ئاسەوارانە لە ١٠ میتری چوارگۆشەدا دۆزراونەتەوە و پێویستە درێژە بە هەڵکۆڵینەکان بدەین هەتا ئاسەوارگەلی زیاتر بدۆزینەوە".

ئەشکەوتی "شانەدەر"، لە کێوەکانی برادۆستی باکووری ڕۆژئاوای زاگرۆس، لە دەڕەی "زێـ"ـی گەورە لە باکووری کوردستاندا هەڵکەوتووە. شوێنی ئەم ئەشکەوتە، لە بەشی بارزان، لە شاری "مێرگەسوور" و لە ١٢٥ کیلۆمەتریی شاری هەولێردایە.

ئەم ئەشکەوتە خاوەنی ئاسەوارگەلێکی مێژوویی و ئاسەوارناسیی پڕبایەخ لە سەردەمی "چاخی بەردینـ"ـی نێونجی تا کۆتاییەکانی چاخی "نوێی بەردینـ"ـە.

لە ئەشکەوتی "شانەدەر" وەکوو کۆنترین شوێنی ژیانی مرۆڤ، باسی لێوە دەکرێت.