کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفغانییەکان، قوربانییانی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانن

13:05 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لەشکەری فاتمیوونی سەر بە هێزی قودسی سپای پاسداران، هەتا ئێستا زیاتر لە ٢ هەزار کەسیان لە شەڕی سووریەدا کوژراوە.

لەشکری فاتمیوونی سەر بە هێزی قودسی سپای پاسداران، کە تایبەت بەو ئەفغانییانەیە کە لە ئێراندا نیشتەجێن، لە ساڵی ٢٠١٣دا بوونی خۆی لە سووریەدا بە فەرمی ڕاگەیاند.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە سپای پاسداران ئەو ئەفغانییانەی کە بە هۆی نائارامیی وڵاتەکەیان بۆ ئێران کۆچیان کردووە، بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری ڕێژیمی ئێران ناچاریان دەکات ببنە ئەندامی لەشکری فاتمیوون و لە شەڕی سووریەدا بەشداری بکەن.

زۆربەی ئەم ئەفغانییانە کە لە ڕووی مەزهەبییەوە شێعەن و لە تیرەی هەزارەکانن، هەتا ئێستا لە شەڕی سووریەدا زیاتر لە ٢ هەزار کوژار و ٨٠٠٠ برینداریان هەبووە.

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕایگەیاند ، کە ڕێژیمی ئێران منداڵانی پەنابەری ئەفغانی کە لە ئێراندا دەژین، بۆ شەڕی سووریە دەنێرێت؛ ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەک تاوانی شەڕ هەژمار دەکرێت.

هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران کەڵکاژۆ لە هەستی مەزهەبی ئەفغانییەکان وەردەگرێت و لەژێر ناوی پارێزگاری لە حەرەمی زەینەب بۆ شەڕی سووریەیان دەنێررێت، ناوبراو ئەم کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە پێشێلکردنی هەموو سەرەوەریی مافەکانی مرۆڤ پێناسە کردووە.

ڕۆژنامەی ئامریکایی واڵ ستریت لەم بارەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران پەنابەرە ئەفغانییەکان ناچار دەکات، لە شەڕدا بەشداری بکەن و لە بەرانبەردا بەڵێنی پێدانی بڕی ٥٠٠ دۆلار و مافی پەنابەریان پێ دەدات.

حکوومەتی ئەفغانستانیش چەندین جار بە توندی ڕەخنەی لە ناردنی ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێرانی بۆ شەڕی سووریە گرتووە و ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی دژی هەر شەڕێکی "نوێنەرایەتکراو" لە وڵاتەکانی دیکەیە.