کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس بەرز ڕاگیرا

12:47 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری حیزب و کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنۆس بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە کەمپی جێژنیکانی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ٢٦مین ساڵیادی تێرۆری ناجوامێرانەی شەهیدانی میکۆنۆس بەرێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەڕێز د. میرۆ عەلیار جێگری ناوەندی سیاسی حیزب بەم بۆنەوە چەد وتەیەکی پێشکەش کرد؛ ناوبراو لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "قسه‌ی تێدا نییه‌، بە تێروری د. شەرەفکەندی، دوژمن برینێکی بەژان و کەلێنێکی قووڵی خستە جه‌سته‌ی حیزبی دێموکرات و زەبرێکی قورسی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌شاند، بەڵام خه‌ونه‌که‌ی وه‌دی نه‌هات و به‌ ئاوات نه‌گه‌یشت. ئەوڕۆ ٢٦ ساڵ دوای تێروری بێرلین، ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەمان هەروا دەشەکێتەوە و ڕۆڵەکانی شەرەفکەندی حەماسە دەخوڵقێنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز عەلیار پڕژایە سەر ئەو قەیرانانەی کە ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامی لەگەڵیدا بەرەوڕووە و ڕایگەیاند: " کۆماری ئیسلامی ئەوڕۆ لەگەڵ گەورەترین و پڕمەترسیترین قەیرانی مێژووی خۆی لە ژوورەوە و دەرەوە بەرەوڕوو بۆتەوە" کە بەم شێوەیە پۆلێنبەندی کردبوو: ١.  قەیرانی سیاسی و قەیرانی حاکمییەت، ٢. قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ٣.  قەیران لە سیاسەتی دەرەوەدا.

سەبارەت بە دواپێشهات و ڕووداوەکان و ئەو بەرنامانەی کە کورد دەبێ بیگرێتە بەر وتی: " بۆ ئەوەی بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا نەکەوین یان ئاڵوگۆڕەکان بەسەرماندا نەڕووخێن، کورد دەبێ ئامادە بێ و خۆی ڕێک بخا کە بتوانین خێرا و لەکاتی خۆیدا هەلەکان بقۆزینەوە، لە دەرفەتەکان بە قازانجی میللەتەکەمان کەڵک وەرگرین و پیلان و هەڕەشەکانی نەیاران پووچەڵ کەینەوە. حیزبە کوردستانییەکان کەوتوونەتە بەر تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی، دەبێ بەرپرسانە و سیاسییانە هەنگاو هەڵگرن"؛ وتیشی: " یەکیەتی و یەکهەڵوێستی حیزبەکانمان نەک هەر بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی حەیاتییە، بەڵکوو مەوقعییەت و پێگەی کورد بەرامبەر بە ئۆپۆزسیونی ناوەندی و لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا بەهێز دەکا".

پاش وتەکانی بەڕێز میرۆ عەلیار، پەخشانەشێعریک لە ژێر ناوی "تاران لەرزی" لەلایەن شاعێری پێشمەرگە مامۆستا بێبەش پێشکەش بە ئامادەبووان کرا؛ هەروەها لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا دوو مەقامی شۆڕشگێڕانە لەلایەن هونەرمەندان غوڵام فاتحی و سرێوان ئەحمەدییەوە خوێندرایەوە.