کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان و مێرمنداڵان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

18:15 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان و مێرمنداڵان، بەیاننامەیەکیان لە ڕاستای ئاگرگرتنی قوتابخانەیەکی شاری زاهیدان و گیان لەدەسدانی چوار منداڵ لەم  ڕووداوە بڵاو کردەوە.

ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان و مێرمنداڵان، لە پێوەندی لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی "ئۆسوەی حەسەنە" لە شاری زاهیدان و گیان لەدەسدانی ٤ قوتابی ئەم قوتابخانەیە بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی " لە بەرانبەر منداڵەکانمان بەرپرسیارین" بڵاوکردەوە.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانەی شیناوێ، کە لە ساڵی ١٣٩١دا ڕوویدا و بووە هۆی گیان لەدەسدانی دوو کچە قوتابی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە کراوە، کە دوای ٧ ساڵ هێشتا کاریگەری و زیانەکانی ئەم ئاگرە لەسەر زۆربەی برینداربووانی ئەم ڕووداوە ماوە، کراوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:

"حەوتووی ڕابردوو چوار منداڵ لە ڕووداوی ئاگرگرتنی  قوتابخانەیەک لە شاری زاهیدان گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەکیش تووشی سووتان بوون. ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە لە کاتێکدا روویداوە کە هێشتا ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی شیناوێمان لە بیر نەکردووە.

هەموو ساڵێک بە دەسپێکردنی وەرزی سەرما، لە سەرتاسەری وڵاتی ئێراندا ژمارەیەک ڕووداوی ناخهەژین و دڵتەزێن لە قوتابخانە دوور و نزیکەکان گوێ لێدەبێت، کە هەریەکەیان چیرۆکێکی دڵتەزێن دەگێڕێتەوە. سۆبەی قوتابخانەیەک گڕ دەگرێت و ژمارەیەک لە منداڵانی بێ تاوان دەسووتێنێت، هەموو جارێکیش لە میدیا و ڕاگیەندراوەکاندا باس لە کێشەکان دەکرێت. بەشێک لە بەرپرسان بەداخبوونی خۆیان دەردەبڕن و بەڵێنی ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی هاوشێوە دەدەن، بەڵام هەر جارەو لەگەڵ ڕووداوێکی دڵتەزێنتر ڕووبەڕوو دەبینەوە کە گوایا ئەم ڕووداوانە کۆتاییان بۆ نییە.

ڕاستییەکە بەم چەشنەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان بەتایبەتی لە گوند و ناوچە دوورەپەرێزەکان، بۆ گەرم کردنی هۆڵەکانی خوێندن کەڵک لە سۆبەی نەوتی تەنانەت لە سۆبەی داریش وەردەگرن؛ سۆبەگەلێک کە بەزۆری  کۆنن و ستاندارد نین.

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان کەمیی بودجە بە هۆکاری ئەم ڕووداوانە دەزانێت و بە وتەی بەرپرسان، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ئەوەندە کێشە و قەرزی لەسەرە کە چارەسەرکردنی کێشەی سیستمی گەرمکەرەوەی قوتابخانەکان لە ناویاندا بزر بووە.

بەرپرسانی قوتابخانەکانیش تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی قوتابیان و دەڵێن کە بەدەستکاری کردنی شێری نەوتی سۆبە یان کەڵکوەرگرتن لە ماددەی ئاگرین دەبنە هۆکاری ڕوودانی ئەم ڕووداوگەلە.

چ ئەوەی منداڵان بزۆزی و هاروهاجییان کردبێت، چ بەرپرسانی قوتابخانەکان کەمکارییان کردبێت و چ  بەرپرسان بودجەیان بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشانە نەبێت، ئاکامەکەی هەر یەک شتە؛ ئەویش گیان لەدەسدانی ژمارەیەک قوتابی و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆرتر لەو  قوتابییانە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان دەبێت بودجە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە دابین بکات، بەرپرسانی قوتابخانەکانیش وردتر بن و ستانداردکردنی ئامێرەکانی گەرمکەرەوەی قوتابخانەکان جێبەجێ بکەن، مامۆستایان دەبێت لەبارەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە زیاتر بۆ قوتابیان بدوێن و هەمیشە قوتابییەکان لە ژێر چاودێریاندا بێت و هەروەها دەبێت قوتابییە ئازیزەکانیش لەبارەی ئەم مەترسییانەوە هۆشیار بن.

داهاتوو هی منداڵەکانە، منداڵانێک بەرپرسایەتییەکانی ئێمە هەڵدەگرن، منداڵان ئەو مافەیان هەیە سەلامەت، خۆشحاڵ و پارێزراو بن و کەلوپەلی گونجاوی خوێندن و پەروەردە لە بەردەستیاندا بێت".