کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی سپای پاسداران واز لە کارەکەیان دەهێنن

11:21 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامانی سپای پاسداران بەکۆمەڵ لەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە دەکشێنەوە و بۆ باوەشی خەڵک و نیشتمان دەگەڕێنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەسانێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا، بە مەبەستی بوون بە ئەندامی سپای پاسداران ناونووسیان کردبوو، لەم ڕۆژانەی دواییدا لە لایەن ناوەندی تێرۆریستیی سپای پاسدارانەوە وڵامی وەرگیرانیان بۆ نێردراوە.

سپای پاسدارانی ڕێژیم مەرجی وەرگرتنی ئەم کەسانەی، ئەنجامدانی کاری سیخوڕی و خراپکاری لە کوێستانەکانی قەندیل داناوە و پێیانی وتووە: "هەر چەنێکتان بوێت مووچەتان پێ دەدەین بەو مەرجەی کە تەنیا ٦ مانگ لە کوێستانەکانی کوردستاندا بن".

ئەم کەسانە کە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ترسی لە دڵیاندا دروست کردووە، لە داواکارییەکەیان پەشیمان بوونەتەوە، کە کاردانەوەی توندی ‌هێزەکانی ڕێژیمی بەدواوە بووە. هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، هەڕەشەی ئەوەیان لەو کەسانە کردووە، کە لە ئەگەری ئەنجام نەدانی داواکارییەکەی سپا دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن.

لە لایەکی دیکەشەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا، کۆمەڵێک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە ڕیزەکانی سپا هاتوونەتە دەروە و دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە، ئەم کەسانە کە ٣٠ کەس بوون و خەڵکی قروەن لە سپای پاسدارانی شاری مەریوان بوون، کە بە شێوەی بەکۆمەڵ دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان لەم ناوەندە تێرۆریستییە ڕاگەیاندبوو.

مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لێدوانێکدا لە ساڵی ١٣٩٥ داوای لەو کەسانە کردبوو، کە لە نێو سپای پاسدارنن، بگەڕێنەوە باوەشی خەڵکی کوردستان و وتبووی: "ئێمە داوا لەو کۆمەڵە چەکدارانە و هەموو ئەو کوردانە دەکەین، کە لە دژی جوڵانەوەی کورد خزمەت بە ڕێژیم دەکەن، تا درەنگ نەبووە، چەکی خەیانەت بە گەل و نیشتمان فڕێ دەن و دەست لە خەیانەت بە نەتەوەی خۆیان هەڵگرن و نەفرەت بکەن لەو نانەی بە قیمەتی ڕشتنی خوێنی خەباتکارانی کورد پەیدای دەکەن.". لە وتەکانیدا داوای لەم کەسانە کرد کە واز لە خیانەتکردن لە نەتەوەکەی خۆیان بهێنن. لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە شارەکانی کوردستاندا شایەتی دەست لەکارکێشانەوەی ئەم کەسانە لە نێو سپای پاسدارانین.