کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بڕوانامەی ئاشتی خۆی پێشکەش بە شەهید دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی کرد

12:53 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "سۆران باریکه"، کە بڕوانامەی خۆی لە بەشی ئاشتیدا، له ڕێکخراوی کولتوورێکی بەهەشتی و ئاشتیی جیهان  (WHPL) وەرگرت، ئەو بڕوانامەیەی پێشکەش بە دوو ڕێبەری شەهید دکتور قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی و سەرجەم شەهیدانی ئاشتی و ئازادی کرد.

ڕێکخراوی کولتوورێکی بەهەشتی و ئاشتیی جیهان  (WHPL)، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە بنکەکەی لە کورەی باشوورە، ئەو ڕێکخراوەیە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوە جیهانییە ئاشتیخوازەکانی تری جیهان؛ بۆ ئاشتی و ڕێزگرتن لە هەموو ژیانێک بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بۆ تێپەڕاندنی سنوورە کولتووری، فیکری، ئایینیەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی، ئارامی و نەهێشتنی شەڕ لە کۆمەڵگای جیهانیدا کار دەکات.

ئەم ڕێکخراوەیە چەندین پڕۆژەی گرینگی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام داوە کە بریتین: "جاڕنامەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ (DPCW)  و پرۆژەی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ ئاشتیی ئایینی و هزری  (HARP).

لەم ڕێکخراوەدا ژنان و لاوان بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکییەکانی (WHPL)  بەشدارن و خاوەنی ڕۆڵێکی گرینگن لە هەنگاونان بەرەو ئاشتیی جیهانی.

ڕێکخراوی (WHPR)ی کورەی باشوور، بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە ورکشۆپێکیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاشتیی جیهانی و جاڕنامەی ئاشتی و نەهێشتنی شەڕ لە جیهاندا بەڕێوە برد.

 لەو پڕۆژەیەدا بە وردی تێڕوانیی لاوان و خوێندکارانی زانکۆ، لەسەر ئاشتیی جیهانی و داهاتووی جیهان و گەلی کورد وەک بەشێک لە قوربانییەکانی شەڕ گفتوگۆ کرا و کۆمەڵێک تێروانینی هیوابەخش ئاڵوگۆڕ کرا.

ئەو کەسانەی کە لەم ورکشۆپەدا بەشدار بوون، لە لایەن ئەم ڕێکخراوەوە بە ئەندام وەرگیران و چوونە ژێر چەتری تۆڕی ئاشتیی جیهانی و بڕوانامەیان پێ بەخشرا.

سۆران باریکە، وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ورکشۆپەکە جگە لەوەی که وەک ئەندام لەو ڕێکخراوەیەدا وەرگیرا و بڕوانامەی پێ بەخشرا، لەگەڵ تیمێکی چەند کەسیی وەک راپەڕێنەری کارەکانیان هەتا دیاریکردنی نوێنەرایەتیان لە کوردستان کار دەکەن.

سۆران باریکە وەک لاوێکی پەروەردەی کۆڕی خەبات و ئەندامی حیزبی دێموکرات، وەکوو ئەندام لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا کە بۆ ئاشتی تێدەکۆشێت وەرگیراوە و ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێچکە و رێباز و خەباتی حیزبی دێموکرات گەیشتن بە ئازادی و سەربەستییە لە ڕێگەی ئاشتییەوە و بە کردەوەش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە و دوو ڕێبەری وەک دکتور قاسملوو و دکتور شەرەفکەندی لە ڕێگەی ئاشتیدا شەهید بوون. بۆیە ناوبراو بەو بۆنەوە وەک وەفایەک بۆ خەباتی ئەو دوو ڕێبەرە مەزنە، ئەم بڕوانامەیەی پێشکەش بە دوو ڕێبەرە شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی ئاشتی و ئازادی کردووە.