کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد

13:23 - 7 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سلێمانی، لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی گەلاوێژ، "محەممەد نەزیف ئیبرایمی"، کوڕی محەممەد، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی گوندی "دەوان"، سەر بە شاری باینگان، لە تەمەنی ٥٩ ساڵی، لە شاری سلێمانیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٦٣ پەیوەست بووە بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە و لە هێزی شاهۆدا سازماندەهی کراوە. پاشان لە شاخ بەربووەتەوە و زەبری بینیوە و ناچار لە باشووری کوردستان دادەنیشێت. پاش وەدەستهێنانەوەی تەندروستی، دیسانەوە لە ساڵی ١٣٦٨دا دەبێتەوە پێشمەرگە و تا ساڵی ١٣٧٦ پێشمه‌رگه بووه لە بەرپرسایەتیگەلێکی وەک: "ئەندامی کۆمیتە شارستانی کرماشان، بەرپرسی بەشی ئەمنییەت و حیسابداریی مەڵبەند"، کار و ئەرکی خۆی بەڕێوە دەبات.

تەرمی کاک "محەممەد نەزیف"، لەنێو ئاپۆڕای خزم و نزیکان و هاوسەنگەرانیدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.