کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد

13:54 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد .

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، "عەبدولڕەحمان موستەئجێر"، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا و پاش چەند ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد و مەتەرێزی خەباتی بۆ شۆڕشگێڕانی ئەو ڕێبازە بەجێهێشت.

کاک"عەبدولڕەحمان موستەئجێر"، ساڵی ١٣٣٨ لە گوندی "جافرخانـ"ـی سەقز لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی لاویدا، پەیوەست بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانەوە بووە و تا دواچرکەکانی ژیانیشی بە ڕێبازەکەی وەفادار مایەوە.

کچێکی ناوبراو بە ناوی "ژیلا موستەئجێر"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

تەرمی کاک "عەبدوڵڵا"، لەنێو ئاپۆڕای بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و خەڵکی ناوچەکەدا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.